لە مێرگەسۆر سی و پێنج قوتابخانەنۆژەن دەکرێنەوە

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، ڕایگەیاند: لە وەرزی هاوین ٣٥ قوتابخانە نۆژەن دەكرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستە بودجەی پێویست دابینكراوە.

مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەڵێت: لەگەڵ لیژنەی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان سەردانی زیاتر لە ١٣٦ قوتابخانەمان كردووە، هەندێك قوتابخانە هەر ئەو كات نۆژەنكرانەوە، كە ژمارەیان ٣٥ قوتابخانە دەبێت و ٣٥ قوتابخانە لە بەرنامەی ئێمە دان و بودجەی پێویستیشیان بۆ دابینكراوە، بۆ ئەوەی هەر لەگەڵ تەواوبوونی خوێندنی ئەمساڵ دەست بە نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانە بكرێت.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، زیاتر ئاماژەی پێداوە: لە سنووری پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر ٢٢ قوتابخانە سەر خۆڵ و کابینەن کە قوتابییان لە ناویان دەخوێنن تەواوی ئەو قوتابخانانە پێویستان بە بینایەی چوار پۆلی یاخود شەش پۆلی هەیە بە پێی ڕێژەی قوتابیانی قوتابخانەکان، زیاتر ئەو قوتابخانانەش دەکەونە گوندە دوورە دەستەکانی سنووری ناحیەی شێروان مەزن، پیران و ناحیەی مەزنێ.
گوتیشی: بە ناچاری قوتابیانی ئەو گوندانە لەو کابینانە دەخوێنن تاوەکو بینایان بۆ دروست دەکرێن، وەزارەتی پەروەردە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان و بڕیارە لە وەرزی هاوین کە بینایە بۆ ئەو قوتابخانانە دروست بکرێن بە شێوازێکی باشتر تاوەکو ئەو قوتابییانە بتوانن بە شێوازێکی ئاسوودەتر بخوێنن و یەکێک لەو قوتابخانانە قوتابخانەی موسەکاوەیە لە سنووری ناحیەی مەزنێ کە قوتابییانی ئەو گوندە لە ناو سێ کابینەدا دەخوێنن و هاووڵاتییانی گوندەکەش داوای دروست کردنی بینایەیان کرد بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بتوانن لە ناویدا بخوێنن. بۆیە بڕیارە لەوەرزی هاوین ٣٥ قوتابخانە نۆژەنبکرێتەوە.