ئالان حەمەسەعید چەند نووسراوێكی فەرمی رادەستی محەمەد شیاع سوودانی كرد

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری بەغدا سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و چەند نووسراوێكی فەرمی حكوومەتی هەرێمی رادەستی سەرۆك وەزیران كرد.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم گەیاندە دەستی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمەبەستی تەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین.

راشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە رێککەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق – چین کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی خۆی لە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها سەرلەنوێ نووسراوێکی دیکەمان پێشکەشکردن بەمەبەستی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەیی نوێ.

ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەش دا كە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشان دا بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابیانی ئەو قوتابخانانە.