سامانە سرووشتییەکان: حکوومەتی فیدراڵی ڕەزامەندی دا لەسەر ناردنی گازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر داوای وەزیری سامانە سروشتییەکان، حکوومەتی فیدراڵ ڕەزامەندیی لەسەر ناردنی ڕۆژانە 620 تۆن گازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دەڕبڕی، تا ئەوکاتەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەست بە بەرهەمهێنانی گاز دەکاتەوە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گازەی ڕەوانە دەکرێت لە هەردوو کۆگای تاجی و ناسرییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

دوای هێرشە درۆنییەکەی ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کردووە بۆ دابینکردنی گازی شل تاوەکو دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا ئاماژە بەوەکراوە، ڕۆژانە پارێزگای هەولێر پێویستی بە 300 تۆن گازی شلە، پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 260 تۆنە گازی شلە، هەروەها پێویستی پارێزگای دهۆکیش 160 تۆن گازی شلە لە ڕۆژێکدا.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی وەڵامی نووسراوەکەی سامانە سرووشتییەکانی داوەتەوە کە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگیراوە بۆ دابینکردنی گازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تاوەکو دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.

دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکرد: “بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە”.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

ھەواڵی زیاتر