دادگه‌ی فیدراڵی سكاڵای په‌رله‌مانتارێك سه‌باره‌ت به ناردنی دوو ترلیۆن دینار بۆ هه‌رێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
دادگه‌ی فیدراڵی سكاڵای په‌رله‌مانتارێك سه‌باره‌ت به ناردنی زیاتر دوو ترلیۆن دینار بۆ هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌ی قەرز ڕەت دەکاتەوە و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سكاڵاكه سیفه‌تێكی یاسایی نییه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 30ـی نیسانی 2024) دادگه‌ی فیدراڵی عێراق سكاڵای مسته‌فا جه‌بار سه‌نه‌د، په‌رله‌مانتاری عێراق سه‌باره‌ت به نایاساییبوونی ناردنی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌ی قەرز ڕەت كرده‌وه.
دادگه‌ی فیدراڵی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، مسته‌فا سه‌نه‌د له باره‌ی ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵه‌وه به شێوه‌ی قه‌رز و به به‌ش، سكاڵای له دژی محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق تۆمار كردبوو.
دادگه‌ی فیدراڵی ڕوونی كردووه‌ته‌وه بابه‌تی دۆسیه‌ی سكاڵاكه بریتی بووه له “بڕیاردان لەسەر پووچەڵكردنهوه و بهنایاساییناساندنی بڕیاری ژمارە (23500)ـی ساڵی 2023ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەموارکردنی بە پێی بڕیاری ژمارە (23520)ـی ساڵی 2023 سەبارەت بە پێدانی قەرز بە بڕی ته‌نیا دوو ترلیۆن و سەد ملیار دینار به حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2023 بە سێ به‌شی یەکسان كه هەر به‌شێكی 700 ملیاره و لە مانگی ئەیلوولی 2023 دەست پێ دەکات.”
دادگه‌ی فیدراڵی ڕایگه‌یاندووه، سكاڵاكه به بڕیاریك یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه، كه سكاڵاكه‌ی مسته‌فا سه‌ند سیفه‌تێكی یاسایی نه‌بووه.