لە کوردستان یاساکانی پێوەندیدار بە کار و کرێکاران وەک پێویست جێبەجێ ناکرێن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

نەبوونی ڕێکاری توندوتۆڵ لە جێبەجێکردنی یاساکانی پێوەندیدار بە کار و کرێکاران لە لایەک و هەبوونی هەندێک کەموکورتی لە یاساکان و کەمیی هوشیاری لای کرێکاران وای کردووە مافی بەشێک لە کرێکاران پێشێل بکرێت. سبەی چوارشەممە یەکی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە و لەو ڕۆژەدا ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بە تایبەتی لە لایەن سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە تەواوی جیهان ڕێک دەخرێ و بەشێک لەو سەندیکایانە ئەمە دەکەن بە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە ژیانی کرێکاران و چاوپێداخشاندنەوەیەک بە مافەکانیان.

ئەو دۆخەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەسەر هەرێمی کوردستان و عێراقدا هات، وەک قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەم دواییانەشدا ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت لە لایەن هەرێمی کوردستان و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سێبەری دادگای باڵای بەناو فیدراڵی، کاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان بە گشتی و کرێکاران بە تایبەتی هەبووە.
دواکەوتن لە دابەشکردنی مووچە بە تایبەت لە سەرەتای ئەمساڵ و نەهاتنی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو کاریگەری هەبووە لە سستکردنی بازاڕەکانی کوردستان، کرێکاران لەو کاتانەی کە پارە بڕژێتە بازاڕەکان کاری زیاتریان دەست دەکەوێت و لە کاتی کەمبوونەوەی پارەش سەرجەم سێکتەرەکانی ئاوەدانکردنەوە و ئابووری سست دەبن و زیانی سەرەکی بەر کرێکاران دەکەوێت. حکوومەتی عێراق هیچ بڕە بودجەیەکی بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدانی پارێزگاکان نەناردووە کە لە یاسای بودجەدا بۆی دیاری کراوە.
جگە لەمە هێشتا ئەو یاسایانە بە تەواوی جێبەجێ ناکرێن کە لە پێناو دابینکردنی مافی کرێکاران دەرچوون. ساڵی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی لە پێناو باشترکردنی گوزەرانی کرێکارانی کوردستان بەردەوام دەبن و پەسەندکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چاکسازییەکانیان لە بواری باشترکردنی ژیان و مسۆگەرکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و دابینکردنی مافە یاساییەکانیان و سنووردانان بۆ هەموو جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران. کێشەی سەرەکیی کرێکاران لەوەدایە لە لایەک خاوەن کارەکان مافەکانیان دابین ناکەن و لە لایەکی ترەوە لایەنە پێوەندیدارەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست یاسا بەردەستەکان جێبەجێ بکەن و ببنە چاودێرێکی تۆکمە بەسەر پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت.
بۆ نموونە بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم کرێکاران دەکرێ و هەر کارگە و دامەزراوەیەک لانی کەم سێ کەس کاری تێدا بکات ئەوا دەبێ دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێ و خاوەن کار دەبێ ناچار بکرێ ناوەکەیان تۆمار بکات و لەو مووچەی مانگانەی بۆیانی بڕاندووەتەوە پشکێک لە گیرفانی خاوەن کار و پشکێک لە گیرفانی کرێکار بچێتە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان کە دەکرێ لە داهاتودا کرێکاران بەهۆیەوە خانەنشین بکرێن یان بەهەر هۆکارێک مافەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە. لە یاساکە ١٢%ی مووچەی مانگانە خراوەتە سەر شانی خاوەن کار و ٥% ی تری خراوەتە سەر شانی کرێکارەکە.
کێشە لەوەدایە ئەو یاسایە تەنیا لای بەشێک لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە بەڵام لای زۆرینە جێبەجێ نەکراوە و بە دەیان هەزار کرێکار هەن کە لە دەرەوەی گرێبەست و هیچ ماف و پێوەرێکی یاسایی کار دەکەن و وەزارەتی کاریش وەک پێویست نەیتوانیوە لیژنەکانی چاودێری زیاد بکات و ببێتە هۆکارێک یاساکە لە هەموو شوێنێکی کار بە یەکسانی جێبەجێ بکرێت.
وەک ئاشکرایە یەکێک لە گرنگترین سیاسەت و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە پەرە بە کەرتی تایبەت بدات و ئەو مافانەی لە کەرتی گشتی بۆ کرێکاران و کارمەندان دابین کراوە هەمان ماف لە کەرتی تایبەتیش دابین بکرێ، بەڵام هەنگاوەکان لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوون.
یەکێک لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی وایکردووە دەرچووانی زانکۆ و ئەو خەڵکەی دێنە نێو بازاڕی کارەوە چاویان لە حکوومەت و دامەزراندن بێ بۆ هەمان هۆکار دەگەڕێتەوە، کرێکاران تا ئەم ساتە لە کەرتی تایبەت لە ژیان و داهاتوویان و مافە ڕەواکانیان هەست بە گەرەنتی و دڵنیایی ناکەن. ئەگەر هەمان ئەو مافانەی کە لەکەرتی گشتی هەبن لە کەرتی تایبەتیش هەبن کاریگەری دەبێ لەسەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر تەنانەت کەرتی گشتی بەجێ بهێڵن و لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت درێژە بە کار و چالاکییەکانیان بدەن.

ھەواڵی زیاتر