وەزیری تەندروستی هەرێم: مەترسی دەرزی سوورێژە لەسەر تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز دوورە لە ڕاستییەوە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم، لە بارەی بڵاو بوونەوەی ڤیدێۆیەك كە گوایە لە بەغدا بەتایبەت لەبەشی ڕەسافە و کەرخ 400 هەزار کەس بەهۆی دەرزی كوتان دژی سوورێژە تووشی نەخۆشی ئایدز بوون، دەڵێت: پروپاگەندەی وەها زۆر ترسناكە و ئێمە هەموو هەوڵمان وەهایە كە یەك منداڵیش نەمابێت لە كوردستان كە نەكوترابێت، هەر بۆیە كوتان بوو بووەهۆی نەمانی ئیفلیجی منداڵان، سۆریكەی نەهێشت، پێویست ناكات هاووڵاتیان بترسێندرێن.

د. سامان بەرزنجی گوتیشی لە گەڵ هاتنی وەزیری تەندروستی عێراق بۆ هەرێم لە دیدارەكەماندا ئەو بابەتەشمان باسكرد هەر بۆیە، لەدوای بەدواداچوون دەرکەوت، بابەتی مەترسی دەرزی سوورێژە لەسەر تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز دوورە لە ڕاستییەوە و ئەو کەسە لە قسەکانی پاش گەزبووەتەوە و ئێستا دراوەتە دادگە.
بە گوێرەی ڕوونكردنەوەیەكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی عێراق جەختكراوەتەوە كە وەزارەتی تەندروستی سکاڵای تۆمارکردوە لەسەر ئەو کەسە و ڕادەگەیەنێت کە ناوی (بەشیر ئەلحجەیمی)ە بەهۆی لێدوانی میدیاییەوە کە زانیاری ناڕاست و چەواشەکارانە و بێ بنەمای لەخۆگرتبوو سەبارەت بەو ڤاکسینانەی کە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیەوە پێشکەش دەکرێن، ئەمەش بە شتێکی جددی دادەنرێت مەترسی لەسەر ئاسایشی تەندروستی هاوڵاتییان هەیە.
وەزارەتی تەندروستی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو ڤاکسینانەی کە لەلایەن خۆیەوە پەسەند کراون سەلامەتن، کاریگەرن، ر سەرچاوەی نێودەوڵەتیی متمانەپێکراون، هەروەها نەخۆشی ناگوازنەوە، وەک ئەو کەسەی پێشتر ئاماژەی پێکراوە بانگەشەی کردووە، کە تووشبوون بە ئایدز لەنێو منداڵاندا هەیە بەهۆی ڤاکسینەکانەوە، و ئەم نەخۆشیەش ناتوانێت وابێت لە ڕێگەی ڤاکسینەکانەوە دەگوازرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر