ئایدن مەعروف: گەشبینین کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێندرێتەوە

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “گەشبینین” کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێندرێتەوە. داواش دەکات هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکان بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-04-2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “گەشبینین دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێندرێتەوە، چونکە لەو کۆبوونەوانەی لە بەغدا کراون، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ پێکهاتەکان دەربڕیوە”.

ئایدن مەعروف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان ناده‌ستوورییه‌ و دژی فه‌رهه‌نگی پێکەوەژیانە”. گوتیشی، “بوونی پێكهاته‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و نوێنه‌رایه‌تییان له‌ په‌رله‌مان گرنگه‌ و پێویسته‌ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت”.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئەوەشی خستەڕوو، “هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ پێكهاته‌كان و سیسته‌می كۆتا، زۆر جیددی بوو و به‌ پێویستیشی زانی هه‌موو لایه‌نه‌كان هاوشێوه‌ی پارتی به‌رگری له‌ مافی پێكهاته‌كان بكه‌ن”. ڕاشیگەیاند، “سەرۆک بارزانی هەمیشە پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکان کردووە، ئەو مەبەستییەتی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردن بەشداربن”.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:”بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت”.

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.