هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

مالیکی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مانگی 10 دەکرێت

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و چەند پرسێکی دیکە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، مالیکی گوتی، “لەوانەیە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی ئۆکتۆبەر (10)ـی ئەمساڵ دوا بخات. ئەمە پرسێکی تەکنیکییە و پەیوەستە بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە و کۆمیسیۆنیش کارەکانی خۆی دەکات”.

نووری مالیکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لیجنەیەک لە بەغدا پێک هێنراوە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: “بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت”.

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسین، هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەبنەوە.