چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دەستێک دەیەوێت ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق داڕمێنێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

جارێکی تر یەکێک لە گرنگترین ناوەندە ستراتیجییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە درۆن کرایە ئامانج، کە جگە لە زیانی مادی قوربانییەکی زۆریشی لێ کەوتەوە. هێشتا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشە تیرۆریستییەی بە ئەستۆ نەگرتووە بەڵام مەبەستەکەی ڕوون و دیارە و جگە لە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە ئابووریی عێراقیشی داوە.

ئەمە یەکەم هێرش نییە کە دەکرێتە سەر ژێرخانی ئابووری کوردستان و پێشتریش چ بە مووشەک و چ بە درۆن چەندین جار ناوەندە ئابوورییەکانی کوردستان و تەنانەت ماڵی وەبەرهێنەران کراونەتە ئامانج و ئەو شوێنەش کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو کرایە ئامانج، لە سەرەتای ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردووش کۆمەڵێک هێرشی کراوەتە سەر.
لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینیدا بە درۆن کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە نزیک چەمچەماڵ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کارمەندی کۆمپانیای دانەگاز کە خەڵکی یەمەن بوون گیانیان لەدەست دا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
هەر لەگەڵ هێرشەکە دوو هەزار و پێنجسەد مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان دابەزی چونکە گازی پێویستی زۆربەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان لەو کێڵگەیەی گازەوە دابین دەکرێت.
ئەم ڕووداوە تیرۆریستییە هەڵوێستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدواوە بوو و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەم جۆرە هێرشانه‌ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و بۆیەش داوای لە لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵین کرد ئه‌ركى خۆیان بۆ ڕێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزینه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له‌ هه‌ر لایه‌نێك بن بگێڕن و به‌ سزاى یاسایى بگه‌یه‌نرێن.
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە گوتی چاوەڕوانی ڕێکاری خێرا لە بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە و پێویستیشە کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن.
لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و هانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و کوردستانی داوە له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و ئه‌نجامده‌رانی ڕووبه‌ڕووی دادگا بكه‌نه‌وە. وەزارەتەکە پێداگری کردووە کە ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌یش بۆ پاڵپشتیكردنی سەقامگیری و سه‌روه‌ری و باری ئەمنیی هه‌ردووكیان.
هاوکات ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئاماژەی داوە کە ئەم هێرشە هەوڵێکی قبووڵنەکراوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و ئابووری لە ڕێگی توندووتیژییەوە.
لای خۆیشیەوە، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق پشتیوانی و هاوکاریی یەکێتییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات دەکاتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە، هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هيرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیلە.
تۆماس سەیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ویتەری پێشوو) سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ بریندارانی هێرشەکە خواست.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “ئەم هێرشانە هەموو پەلاماری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن؛ بێجگە لەمە هیچ دەرئەنجامێکی دیکەی نییە”.
یەکێتیی ئەوروپا، وەکو ئەوەی تۆماس سەیلەر باسی کردووە، “زیاتر هاوکار دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی ئاسایش، سەقامگیری و چاکسازی”.
جگە لەوەی سەرۆکی وڵاتان و باڵوێزخانەکان لە چەندین پەیامی تردا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەربڕیوە کە کراوەتە سەر ئەو ناوەندەیڤ وزە لە هەرێمی کوردستان.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانیان تێدا کردووە، پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە دامەزراوە و لە ٢٠٠٨ەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی کردووە.
لەرێی ئەو کێڵگەیە سووتەمەنی پێویست بۆ کارەبای زۆربەی وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکرێ و گازی پێویستی ماڵانیش هەر لەو وێستگەیەوە دابین دەکرێ و یەکێک لە ئامانجەکان ئەوەیە دوای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ گاز هەناردەی دەرەوەی وڵاتیش بکات.
کێڵگەکە نەک بۆ هەرێمی کوردستان بە ڵکو بۆ هەموو عێراق گرینگە چونکە عێراق تا ئەم ساتەش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گازی هاوردەکراوە لە ئێرانەوە دەبەستێت.
حکوومەتی سوودانی بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لەهەوڵی ئەوەدایە پشتبسەستن بە گازی دەرەکی بۆ سفر کەم بکاتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا عێراق جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ ببێتە هەناردەکەری گاز. یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا و سەردانەکەی ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق پێوەندیی بە پرسی وزەوە هەبووە، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە نەخشەی وزە بەرجەستەکراوە و بۆیەش کراوەتە ئامانجی هێرشەکان.