پرۆژەی تۆڕی ئاوی ناحیەی بەرمیزە بە گوژمەی یەک ملیار و 13 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت

پرۆژەی تۆڕی ئاوی ناحیەی بەرمیزە لە سنووری قەزای سیدەکان، بە گوژمەی یەک ملیار و سیانزە ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت.

هاووڵاتییەکی ناحیەی بەرمیزە دەڵێت: “ئەم پرۆژەیە بۆ خەڵکی ناحیەی بەرمیزە زۆر پێویست و گرنگ بوو. پێشتر کێشەی کەمیی ئاومان هەبوو بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە کێشەمان نامێنێت”.
هاووڵاتییانی ناحیەی بەرمیزە دڵخۆشن بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە و سوپاس و دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دابینکردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوە لە ناوچەکەیان.
هاووڵاتییەکی تر لەمبارەیەوە دەڵێت: “ئێمە لەم ناحیەیە زیاتر لە 300 ماڵ نیشتەجێین؛ کێشەی کەمیی ئاومان هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، ئاوی خواردنەوەمان نەبوو. سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەدەنگەوەهاتنمان و چارەسەرکردنی کەمیی ئاو لە ناحیەکەمان”.
پێشتر تۆڕی ئاو لەو ناوچەیە نەبوو؛ بە تەواوبوونی پرۆژەکە زیاتر لە 300 ماڵ سوودمەند دەبن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە و خزمەتگوزارییەکانی بەردەوامە؛ دەستی هاوکاریی و خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە هەموو ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری