گەڕانەوەی مافی پێکهاتەکان تاکە چارەی کێشەی هەڵبژاردنە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ گەڕاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان و بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە. پێکهاتەکانیش، دەڵێن: سەرۆک بارزانی ڕۆلێکی گرنگ دەبینێت بۆ گەڕاندنەوەی مافی پێکهاتەکان، لە هەموو دانیشتنەکانیدا تەئکیدی لەوە کردووەتەوە بەبێ کۆتاکان هەڵبژاردن ئەستەمە. وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵێت: شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی پێکهاتەکان سەردانی بەغدا دەکات. دەشڵێ: ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دەستەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا دەربڕیوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢١-٢-٢٠٢٤، دادگەی فیدراڵیی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان و بە نادەستووریی لە قەڵەمی دان، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە سەد و یازدە کورسییەوە کرانە سەد کورسی.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٤ لە سەلاحەددین سەرۆک بارزانی، پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاک مارئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەکانی کۆمەڵەی پیرۆزیی کرد.
لەدیدارەکەدا پاتریاک مارئاوای سێیەم پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە پاڵپشتیکردنی پێکهاتە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ کردنەوەی بارەگای سەرەکیی پاتریاک لە شاری هەولێر کە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئایینی. هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانیشی کرد بۆ ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدراڵی بۆ نەهێشتنی کۆتایی پێکهاتەکان و ڕایگەیاند، هەڵوێستی سەرۆک بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێکی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێکەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بوونی فەرهەنگی پێکەوەژیان لە کوردستانی وەک شانازییەکی گەورە وەسف کرد و جەختیشی لەوە کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لەو فەرهەنگە دەکەین و دەوڵەمەندتری دەکەین.
سەرۆک بارزانی، ئاماژەشی بە بڕیاری نادەستووریی نەهێشتنی کۆتاکان دا و تەئکیدی لەوە کردەوە کە بەبێ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە و بەبێ بەشداریی پێکهاتەکان ئامادە نین بەشداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە بێبەشکردنی پێکهاتەکان لێدانە لە بەها مێژووییەکانی گەلەکەمان.
هەوڵێک هەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆماوەی چەند مانگێک دوابخرێت، تا کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردن و تێبینییەکانی پارتی چارە دەکرێن، کە یەکێکیان گەڕاندنەوەی کورسی پێکهاتەکانە. پێکهاتەکان، دەڵێن؛ بە سەرۆکی دادگەی فیدراڵییمان گوتووە دەبێت چاوێک بەو بڕیارەدا بخشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی کورسی پێکهاتەکان بگەڕێنەوە، ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنی داوە چارەیەکی گونجاو بۆ گەڕاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان ببینێت.
دوای بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان دژی بڕیارەکە وەستانەوە، پێداگری پارتی و پێکهاتەکان لە ئاستی ناوخۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی هەبوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە پرسی هەڵبژاردن یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان دەبێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەیە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بکات و کورسی پێکهاتەکانیش بگەڕێنەوە.
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهاتەکان سەردانی بەغدا دەکات. دەشڵێ: سەردانەکەی ئەردۆغان و چوونی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی لەسەر گەڕاندنەوەی کورسی کۆتا و بەتایبەت کورسی کۆتای تورکمان دەبێت.
ئایدن مەعروف، زیاتر دەڵێ: گلەییەکان لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا زۆر بوون و پاڵپشتییەکانیش بۆ مافی پێکهاتەکان زیادبوون، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دەستەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و نیگەرانی خۆشی لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا دەربڕیوە.
مونا قەهوەچی، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا، ڕایگەیاند، نەمانی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکی سیاسیدا نییە.
مونا قەهوەچی، گوتیشی: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، نایاسایی و نادەستووریی بوو، ئامانج لە بڕیارەکە لەنێوبردنی ئەو پێکەوەژیانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکان بوو کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.
پەرلەمانی کوردستان، وەکو ئەوەی جێگری سکرتێری گشتیی پارتی چاکسازیی تورکمان باسی کرد، پێویستی بە بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکان هەیە و پێویستە هەموو پێکهاتەکان نوێنەری خۆیان لەنێو پەرلەماندا هەبێت.
مونا قەهوەچی، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی چاکسازیی تورکمان، زیاتر دەڵێ: تاوەکو کورسی کۆتا نەگەڕێندرێنەوە، ئێمە وەکو پێکهاتەکان و بە تایبەت پارتی چاکسازی تورکمان، بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناکەین کە پێشوەختە دیزاینی بۆ کراوە.
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، گوتی: وەکو پارتی کۆمەڵێک تێبینیمان هەیە لەسەر چۆنیەتی کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژەی بەوەش کرد: کورسیی کۆتای پێکهاتەکان پرسێکی جیددییە و نەبوونی نوێنەرانی پێکهاتەکان کەموکوڕیی لە پەرلەمان دروست دەکات.
سەربەست لەزگەین، گوتیشی: پێدەچێت نیگەرانییەکانی پارتی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە قەبووڵ بکرێن و ڕەنگە هەندێک ڕێگەچارە بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.