سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر كۆرمۆر ده‌كات

زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى هێرشى درۆنيى ئه‌م ئێواره‌يه‌ى سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌ سنوورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ له‌ پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌م كه‌ به‌داخه‌وه‌ شه‌هيد و بريندارى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هۆى پچڕان و كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و له‌كاروه‌ستانى وێستگه‌كه‌.

له‌ كاتێكدا سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌م و هاوخه‌ميانم و هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازم، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسييه‌وه‌ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ پێويسته‌ ئه‌ركى خۆيان بۆ ڕێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزينه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له‌ هه‌ر لايه‌نێك بن بگێڕن و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2024/4/26