پارتی پێداگرە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێک مافی هەموولایەکی تێدا پارێزراو بێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی پێداگرە لەسەر ھەڵبژاردنێکی شەفاف و تەندروست، بەپێی ویستی ھەموو لایەنەکان بێت، نەک تەنیا ڕای لایەنێکی تێدا فەرز کرابێت، لەدوای تەواوبوونی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی ھەرێم سێ وادەی ھەڵبژاردنی دیاری کرد، ھەندێک لایەن لە ھیچ لە یەک لەو وادانە ئامادەی ھەڵبژاردن نەبوون، دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵی گۆڕانکاری لە یاساکەدا کردوو و کورسی پێکھاتەکانی ھەڵوەشاندەوە ئینجا ئامادەی خۆیان بۆ ھەڵبژاردن دووپاتکردەوە. چاودێرانی پڕۆسەکەش، دەڵێن، ھەڵبژاردن بەبێ پارتی ناکرێت، بەو پێیەی پارتی پارێزەری قەوارەی ھەرێمی کوردستانە.

پارتی لەگەڵ کردنی ھەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا، بەڵام تێبینی لەسەر شێوازی کردنی ھەڵبژاردن ھەیە، داوا دەکات تێبینییەکانی لەبەرچاو بگیرێن بۆ ئەوەی بەشداری ھەڵبژاردن بکات. حیزب و لایەنەکانی کوردستانیش، دەڵێن: بەبێ پارتی ھەڵبژاردن ناکرێت ئەگەر پارتی بەشداریی ھەڵبژاردن نەکات، کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق پەکی دەکەوێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێت نیگەرانییەکانی پارتی بڕەوێنرێنەوە و ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەمساڵدا بکرێت.
سەرۆک بارزانی چەندین جار ئەوەی خستووەتەڕوو، بە ئاشکرا پەنا بۆ دەستی دەرەکی و دادگەی فیدراڵی بردراوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، سەرۆک بارزانی، دەڵێت: بێبەشکردنی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ھەڵبژاردن، بێبەشکردنی زیاتر لە چوارسەد ھەزار دەنگدەر لە دەنگدان و جگە لەوەش سەپاندنی ڕێکار و میکانیزمی و ڕێوشوێنی نادروست لە کردنی ھەڵبژاردن، وا دەکات کە ھەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان نەکات.
سەرۆک بارزانی، جەختی لەوەش ‌کردووەتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری لە ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات بەبێ ھیچ دەستێوەردانێک و دارشتنێکی پێشوەختە، بە پێویستیش دەزانێت، ھەموو ئەو کەموکوڕییە تەکنیکی و پێشێلکارییە دەستووریی و یاساییانەی مەلەفی ھەڵبژاردن چارە بکرێن بۆ ئەوەی پرۆسەکە نوێنەرایەتیی ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، بە شێوەیەک کە لە خزمەتی دیموکراسی و شەرعیەتی دامودەزگاکانی ھەرێمدا بێت.
بەشێکی زۆری حیزب و لایەنەکان لەو بۆچوونە دڵنیان کە بەبێ پارتی ھەڵبژاردن ناکرێت، بەڵام بەھۆی ترسیان لە کاردانەوەی لایەنگرەکانیان ناتوانن بە ئاشکرا ھەڵوێستی خۆیان دەرببڕن. شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن، دەڵێن: بەباشی دەزانین لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن و تێبینییەکانی پارتیش لەبەرچاو بگیرێن .
د. پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان بە خوێن و خەباتی ھەزاران شەھید ھاتۆتە بەرھەم، بە دڵنیاییەوە تاوەکو سەرۆک و سەرکردەمان سەرۆک بارزانی بێت، ئەم قەوارە دەستوورییە ھەر بە بەھێزی و ئاوەدانی دەمێنێتەوە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد: پارتی ھەمیشە بۆ ھەڵبژاردن ئامادەیە، بەڵام ھەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازاد کە دەرئەنجامەکەی دەرخەری دەنگی خەڵک و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بێت، نەوەک ھەڵبژاردنێک پێشوەختە دەرئەنجامەکەی دیزاین کرابێت.
دکتۆر پشتیوان، باسی لەوەکرد، پارتی خاوەن قەزییە و، خۆی بە پارێزەر و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەزانێت، بۆیە پاراستنی دەستکەوتە بەدیھاتووەکانیش ئەرکی ھەموومانە.
لەلایەکی دیکەوە ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: ھەڵبژاردن پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت ھەموو لایەنەکان تێیدا بەشداربن، بەڵام بەھۆی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کۆتاکان بێبەش بوونە لە ھەڵبژاردن، ھەروەھا دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکە دەکرێت ئەمەش کاریگەریی خراپ دروست دەکات لەسەر ڕەوشی سیاسی ھەرێمی کوردستان.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دژی سیستەمی کۆتاکان بوو، لە کاتێکدا لە ھەرێمی کوردستان بە یاسا ڕێکخراوە، بەبێ پارتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتوو نابێت، بۆیە دەبێت گوێ بۆ داواکارییەکانی پارتی بگیرێت، کە جەخت لە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ دیزاینی پێشوەختە دەکاتەوە.
ئایدن مەعروف، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆک بارزانی ھەمیشە پشتیوانی لە مافی پێکھاتەکان کردووە، جەنابیان مەبەستییەتی لە ھەڵبژاردن ھەموو لایەنەکان بتوانن تێدا بەشداربن بە تایبەتی پێکھاتەکان.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، گوتی: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی پێکھاتەکان دژی دەستوور و پێکەوەژیان بوو، ھەورەھا بڕیارەکانی دادگە لەبارەی زۆرینەی پرسەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان دادپەروەرانە نییە.
ئایدن مەعروف، گوتیشی: دەمانەوێت پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیدا بکرێت بۆ ئەوەی ماف بۆ پێکھاتەکان بگەڕێتەوە و بتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن، ھەروەھا دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی جیھان ھەڵوێستی جیددییان ھەبێت لەسەر پرسەکە.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، زیاتر دەڵێ: ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە پێکھاتەکان و سیستەمی کۆتا، زۆر جیددی بوو و پێویستە ھەموو لایەنەکان ھاوشێوەی پارتی بەرگری لە مافی پێکھاتەکان بکەن.
بەشێک لە چاودێران و تەنانەت لایەنەکانیش پێیانوایە هەڵبژاردن لەو وادەیە و بەو ئامادەکارییەی ئێستاوە، ئاستەنگ و بەربەستەکانی زۆرن و زەحمەتە هەڵبژاردنەکە بکرێت. لەوبارەیەوە هەولێر لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەی زانیوە کە لەم ماوەیەدا بڕیار لە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی چەند مانگێکێک دەدرێت