بڕیارەکانی حکوومەت هانی خەڵکیداوە بایەخ بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی بوونی کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان لە دەڤەری بارزان، خەڵکی ناوچە سنوورییەکان زیاتر بایەخ بە بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات دەدەن، جگە لە ڕەخساندنی چەندین ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، دەڵێن: بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێم بە سامانی ئاژەڵ و کەرتی کشتوکاڵی، ئێستە خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە بەخێوکردنی ئاژەڵ کردووە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆریش، گوتی: بەبوونی ئەو کارگانە بەرھەمێکی تەندروست دەکەوێتە بازاڕ و پارەی خۆشمان ناچێتە دەرەوە. سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستانیش، دەڵێت؛ دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێم بازاڕی بۆ ھەنگوینی کوردستان لە دەرەوە دۆزیەوە ئێستە خواستێکی زۆر لەسەر ھەنگوین ھەیە.

کارگەی زۆم ھەلی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندووە
ساڵی ڕابردوو لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە گوندی ژاژووک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، کارگەی شیرەمەنی زۆم کرایەوە، ئەو کارگەیە لە ئێستەدا ھەلی کاری بۆ زیاتر لە دوو سەد ھاووڵاتی ناوچەکە ڕەخساندووە، ئەو ژمارەیەش بەرەو ھەڵکشانە، سەرەڕای ئەوەی کارگەکە بەشێوەی ناراستەوخۆ ھەلی کاری بۆ زیاتر لە دوو ھەزار و حەوت سەد ئاژەڵدار ڕەخساندووە، لە ڕێگەی کڕینی شیرەوە، لە ھەمان کاتدا دەبێتە ھۆی ئەوەی جووتیاران بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بە ئاژەڵداران بفرۆشن، ئەمەش دەبێتە ھۆی بووژانەوەی کەرتی ڤێتێرنەری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ شارەزایانی ئەو بوارە، لە ئێستەدا زیاتر لە بیست بنکەی کۆکردنەوەی شیر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراونەتەوە، دروستکردنی ئەم جۆرە کارگانە ڕۆلی دەبێت لە ھاوکاریکردنی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی داواکاری ھاووڵاتییان بۆ دامەزراندن.

لە ھەرێمی کوردستان حەفتا و ھەشت پڕۆژەی مانگای شیر ھەیە
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سامانی ئاژەڵ ئێستە خەڵکێکی زۆر ڕووی لە بەخێوکردنی ئاژەڵ کردووە بە حوکمی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا وشکەساڵی ھەبوو، ئەمەش وای کرد خەڵک توانای بەخێوکردنی ئاژەڵی نەبێت و ئالف گرانبوو و لەوەڕ نەبوو و بووە بارگرانی بەسەر خەڵکەوە، ئێستە بەحوکمی ئەوەی وشکەساڵی نەماوە و لەوەڕ زۆربووە خەڵک جارێکی دیکە ڕووی لە ئاژەڵداری کردووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئێستە نرخی گۆشت لە بازاڕ باشە و پارە دەکات، خەڵک قازانجی باش دەکات لە بەخێوکردنی ئاژەڵ، ئەم دوو ھۆکارە وای کردووە خەڵک ڕوو لە ئاژەڵداری بکات.
فیراس سدیق، گوتیشی: بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی گومرگی ھاوردەکردنی ئاژەڵ ئەو ئاژەڵانەیشی گرتەوە کە بۆ بەخێوکردن ھاوردە دەکرێن، ئەمەش ھۆکارێکی دیکەیە تا خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ بکات، چونکە خەڵک پێشتر چاوی لە دامەزراندن و کارکردنی دیکە بوو، ئێستە ئاژەڵداری قازانجی زۆرە و ھەلی کاری بۆ دەڕەخسێت، خەڵک ڕوو لە ئاژەڵداری دەکات، چونکە ھەم ئاژەڵەکانیان لە بازاڕ پارە دەکات ھەم بەرھەمیشی ساخ دەبێتەوە.
باسی لەوەش کرد: ئاژەڵداری چەند پێشبکەوێت کەرتی کشتوکاڵ زیاتر پێشدەکەوێت، چونکە ئەوەی ئاژەڵی ھەبێت پێویستی بە گەنم و جۆ و بەرھەمی دیکە ھەیە و کەرتەکە زیاتر فراوان دەبێت، بۆیە ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ ئەو کەسانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم، جەختی لەوەشکردەوە: خەڵک ئاژەڵ بۆ دوو مەبەست بەخێو دەکەن، ئەوانیش سوود وەرگرتن لە گۆشت و سوود وەرگرتنە لە شیرەکەیشی، چونکە ئێستە پڕۆژەکان لە زیادبووندان و حەفتا و ھەشت پڕۆژەی مانگای شیرمان ھەیە کە چواردە ھەزار و شەش سەد و نەوەد و شەش سەر مانگا لەخۆ دەگرێت، کارگەی زۆم لە ناوچەی بارزان ھەیە ئەویش شیر لە ئاژەڵداران وەردەگرێت و دەکرێتە ماست و دەخرێتە بازاڕەوە، بۆیە حکوومەت گرنگی باشی بە کەرتی ئاژەڵداری داوە و بەردەوامیش خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن.

بەبوونی ئەو کارگانە بەرھەمێکی تەندروست دەکەوێتە بازاڕەوە
محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، لەسەر زیادبوونی خواست لەسەر بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات لەو سنوورە، گوتی: کارگەی زۆم، پڕۆژەیەکی ناوازەی بەرھەمھێنانی بەرھەمە شیرەمەنییەکانە لە دەڤەری بارزان، ئەم پڕۆژەیە ھەلی کاری بۆ سەدان کەس ڕەخساندووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، باس لەوەش دەکات، ئامانج لە دامەزراندنی ئەو کارگەیە بۆ ئەوەبوو ئەو بەرھەمەی لەو سنوورە ھەیە کاری بە بازاڕ کردنی بۆ بکەین، چونکە لێرە بەرھەمی شیرمان زۆر بوو، جگە لەوەش بەکردنەوەی ئەو کارگەیە خەڵکی ئەو ناوچەیە بوونەتە خاوەن داھاتی خۆیان و گوندەکانیش زیاتر ئاوەدان دەبنەوە.
زیاتر دەڵێ: ئێستە بەرھەمھێنانی شیر زیاتر بووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت خەڵک زیاتر گرنگی بە سامانی ئاژەڵ دەدەن، ئەوەش وای کردووە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چەندین دەرفەتی کار و سەرچاوەی داھات زیاد بێت، لە کڕینی مانگا و چاندنی وێنجە و بە بازاڕ کردنی شیری ئاژەڵداران ئامانجی ھەر سەرەکی ئەو کارگەیەش ئەوە بووە، ئەگەر بێت و حکوومەت قەرز بدات بە جووتیاران و خەڵک بتوانێت مانگای باشتر بکڕن بەتایبەتی ئەوانەی بەرھەمی شیریان زۆرە، وادەکات بووژانەوەی زیاتر بێتە ئاراوە، دەمانەوێت ئەو زەویانەی لە نزیک ڕووبارەکانن بکرێنە وێنجە و بە نرخێکی ھەرزانتر بفرۆشینە ئاژەڵدارەکان، ئەوکات تێچووی بەرھەمھێنانی شیریش کەمتر دەبێتەوە و جووتیارانیش زیاتر قازانج دەکەن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، ئەوەش دەخاتەروو، بەبوونی ئەو کارگانە بەرھەمێکی تەندروست دەکەوێتە بازاڕ و پارەی خۆشمان ناچێتە دەرەوە و لەناوخۆی وڵات دەمێنێتەوە، جگە لەوەش لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ وەرگرتنی قەرزی کشتوکاڵی بۆ ئەو کەسانەی توانای داراییان وەک پێویست نییە و مەبەستیانە ئاژەڵ بەخێو بکەن.
دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێم بازاڕی بۆ ھەنگوینی کوردستان لە دەرەوە دۆزیەوە ئێستە خواستێکی زۆر لەسەر ھەنگوین ھەیە
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، ڕایگەیاند: لە ساڵی ڕابردوو تاوەکو ئێستە بەردەوام ھەنگوینی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێت لە ڕێگای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو مەرجانەی دیاریکراوە پێویستە لەپشکنین دەربچێت، واتا پێشتر کۆمپانیا لە ئێمەی دەکڕی و بەناوی خۆیان دەیانبردە دەرەوە، بەڵام ئێستە لەسەر بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمپانیا دێت ھەنگوین بەنرخێکی گرانتر لەپێشتر بۆ ھەر کیلۆیەک بە بیست و پێنج ھەزار دینار لە ئێمە دەکڕێت و خۆیان قوتووبەندی دەکەن و بەناوی کوردستان ھەناردەی وڵاتان دەکەن، چونکە پێشتر ھیچ ناوێکی ئێمەی لەسەر نەبوو و بەھەڕەمەکی بوو ئێستە لە بازاڕەکانی دەرەوە بە ناوی کوردستان ھەنگوین دەفرۆشن.
سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد: لە دەرەوە خواستێکی زۆر لەسەر ھەنگوینی کوردستان ھەیە بەھۆی ئەوەی ھیچ دەستکاری ناکرێت و دەرمانی پێنادرێت، لە ھەرێمی کوردستان ھەشت سەد ھەزار پوورە ھەنگمان ھەیە و بەرھەمی ھەنگوینی ئەسڵی دەگاتە ھەزار تەن، بۆیە ئەمساڵ ئامادەکاری باشمان کردووە و بڕیارە لە مانگی ھەشت ھەنگوینی ئێمە پێ بگات، بۆیە بەھۆی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ھەنگوینی کوردستان ئێستە خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە بەخێوکردنی ھەنگ کردووە و خولێکی زۆر بۆ ھاووڵاتییان کرایەوە، بۆیە ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەی ھەنگ و بەخێوکەری ھەنگیش زیاد دەبێت، خەریکین ئامارێک ئامادە بکەین، بۆیە ئێستە ھەنگوین وەکو بەرھەمەکانی دیکە بۆتە بەرھەمێک ھەناردەی دەرەوە دەکرێت بەشێوەیەکی فەرمیی، ئەوەش دەستکەوتێکی دیکەیە بۆ ھەرێمی کوردستان.