دووبارە گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان ئاوەدان دەکرێنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی دووبارە گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان ئاوەدان دەکرێنەوە. بەرپرسی فەرمانگەی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆریش، دەڵێت: بە کردنەوەی ڕێگای گوندەکان خەڵکی ئەو گوندانە کە لەبەر پەکەکە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەیان ساڵە ئاوارە بوونە دەتوانن دووبارە بگەڕێنەوە و گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە.

ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەرپرسی فەرمانگەی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، بە ھاوکاری نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی، لەلایەن قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ڕاسپێردراین بەیاوەری بەرێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن بۆ بەدواداچوون و کردنەوەی ڕێگای گوندی ئێدلبێ لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن.
بەرپرسی فەرمانگەی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، گوتیشی: درێژی ڕێگاکە حەوت کیلۆمەترە، لە داھاتوودا ئەگەر ھیچ کێشەیەک نەھێتە پێشەوە ڕێگا بۆ چەند گوندێکی دیکەش چاک دەکرێت، بە کردنەوەی ئەو ڕێگایە خەڵکی ئەو گوندە و گوندەکانی دیکە کە لە ناوچەکانی دیکە دەژین و لەبەر پەکەکە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانیان چۆڵکردووە دەتوانن بگەڕێنەوە و دووبارە گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، ئەوە بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشە.
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەرپرسی فەرمانگەی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، ئاشکراشی کرد: زۆر گرنگە ئەو گوندانە ئاوەدان بکرێنەوە، چونکە بە گەڕانەوەی خەڵکەکە دەتوانن لەسەر گوندەکانیان پەرە بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بدەن، ئەوەش وا دەکات بەرھەمی ناوخۆ زیاد بێت، لە ھەمان کاتدا ھەلی کاریش بۆ کۆمەڵێک کەس پەیدا دەبێت.