دوێنێ لە هۆڵی ڕاگەیاندن لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بەئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەش و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 2ـی پ.د.ک و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهید و ڕووناکبیران و نووسەر و میدیاکاران، بەناونیشانی (یادی کتێبێکی خوێناوی) مەراسیمێک بۆ (39)ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی نووسەر و ڕووناکبیر (عەبدولخالق مەعرووف) بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریس -ی هەمیشە لە یاد دەستیپێکرد و، پاشان وتارێک لەلایەن د. سالار عوسمان پێشکەشکرا و، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، ئاماژەی بەوەکرد: شەهید عبدولخالق مەعرووف تەکنیکارێکی بە ئاگا و نووسەرێکی بوێر و تێکۆشەرێکی سەر ڕاستی ڕێگای ئازادی و کوردایەتیی بوو، هەرلە هەڕەتی لاوێتییەوە دەچێتە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆرشی ئەیلولنو، ماڵی گەرمی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات بە ماڵ و سەنگەری سەفەر و لەو پێناوەدا خەبات دەکات.
لە درێژەی چالاکییەکەدا فیچەرێک سەبارەت بە ژیانی و بەرهەمەکانی شەهید و پارچە شعرێکی شێرکۆ بێکەس کە بۆ شەهید (عەبدولخالق مەعرووف) نووسیبووی، لەسەر ڕوونمای هۆڵ بۆ ئامادەبوان نمایشکرا.
وتاری یەکێتی نووسەرانی کورد/مەڵبەندی گشتی و وتەی خانەوادەی شەهید، بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە بوون و پاشان تابلۆیەکی موزیک لەلایەن هونەرمەند (هۆشیار کەریم) پێشکەشکرا.
لە کوتایی مەراسیمەکە چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەشی خانەوادەی شەهید کرا.