سەرۆكایەتی هەرێم و یۆنامی تاوتوێی پرسی هەڵبژاردن و كورسی پێكهاتەكانیان كرد

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی باڵای یۆنامی، تاوتوێی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها كورسی پێكهاتەكان كرا.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه فه‌وزی هه‌ریری سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ کڵاودیۆ کۆردۆن جێگری سکرتێری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق بۆ کاروباری سیاسی، دەربارەی دوا هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان، تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداریی هەمووان لە هەڵبژاردندا کرایەوە، هەروەها باس لە تێبینی و سەرنجی لایەنەکان دەربارەی هەڵبژاردن، بەتایبەتی بابەتی کۆتای پێکهاتەکان و پێویستیی پاراستن و مسۆگەریی مافی هەمووان کرا.

ڕۆڵی یۆنامی بۆ پشتگیری و یارمەتیدان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.