بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی دەستی پێ کرد

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی دەستی پێ کرد.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، کاتژمێر 10:00، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی دەستی پێ کرد. 

ئەمڕۆ (126)ـەمین ساڵیادی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی (میر میقداد بەدرخان) و (26)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست. 

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە، “جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ڕاگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكوومەت. حکوومەتیش وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، “هیوادارم ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی ڕاستییەکان و پێشخستنی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بێت”.

سەرۆکوەزیران بە پێویستی دەزانێت، “میدیاکارانی کوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و ڕێگە نەدەن بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، سووکایەتی بە بەهاکانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بکرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵک بەکار بهێنرێت”.