ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای پێنجوێن جێبەجێ دەکرێن

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند ؛ ئەمساڵ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای پێنجوێن دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە سەردانیدا بۆ قەزای پێنجوێن، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەونیدا، گوتی: قەزای پێنجوێن یەکێکە لە قەزا گرنگەکانی هەرێمی کـوردستان، هاوسنوورە لەگەڵ ئێران. پێویستی بە خزمەتگوزاریی هەیە. بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوو، بەهۆی نەبوونی بودجە، نەمانتوانیوە وەکو پێویست خزمەتی بکەین”.
گوتیشی : خۆشبەختانە ئەمساڵ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای پێنجوێن دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە؛ ڕەزامەندییان بۆ دەرچووە و پرۆسەی تەندەرییان بۆ کراوە. لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەڵێندەر دەست بە کار دەبێت. بەدڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی قەزاکە لە پرۆژەکان سوودمەند دەبن”.
گوتیشی : پرۆژەیەکی دیکەی ستراتیجیمان هەیە لە مەرزی باشماخەوە بۆ نێو قەزای پێنجوێن. هەوڵدەدەین ئەو پڕۆژەیەش لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت”.
سەرباری کاریگەرییە نەرێنییەکانی کێشەی بوودجە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی کارنامەکەی بەردەوام بووە لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی.