پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ کوردستان و عێراق یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی ئەردۆغانە

پەرەپێدانی ئابووری و بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لەپاڵ پرسی ئەمنی، ژینگە و ئاو لە گرنگترین ئامانجەکانی سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بێت.

بڕیارە ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی باڵی عێراقدا کۆ ببێتەوە و پاشان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێمی کوردستانیشدا کۆ ببێتەوە، ئەو گەشتەی ئەردۆغان بە سەردانێکی گرنگ لە پێوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە لایەک و تورکیا و هەرێمی کوردستان لە لایەکی تر هەژمار دەکرێت.
گەشتەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق دوای ئەوە بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە درا کە ماوەی ڕابردوو هەر یەک لە وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی تورکیا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئابووری وڵاتەکە سەردانی بەغدا و هەولێریان کرد و ئامادەکارییان بۆ ئەو گەشتەی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان کرد.

کۆمەڵێک پرسی گرنگ لە نێوان عێراق و تورکیادا هەن کە لەم سەردانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تیشکیان دەخرێتە سەر پرسەکان ڕەهەندی ئابووری، ئەمنی، ژینگەیی و بازرگانییان هەیە و پێشبینی دەکرێ پێوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق وهەرێمی کوردستان بخاتە قۆناغێکی نوێوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەو کەرتانەی کە تورکیا لە پێوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا سوودمەند بووە کەرتی بازرگانییە و بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکەر بۆ عێراق و کوردستان هەژمار دەکرێت و بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکان دابین دەکات.
عومەر بولات وەزیری بازرگانیی تورکیا دوێنێ شەممە بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند لە میانەی سەردانەکەی ئەردۆغان ڕێککەوتننامەیەکی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیادا واژۆ دەکرێت. ئەو ئاماژەی داوە پشکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتان گەیشتووەتە سەرووی ٥% .
ئەو ڕوونی کردەوە بەهای قەبارەی بازرگانیی نێوان دوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٢ سەرووی بیست و چوار ملیار و لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی بیست ملیار دۆلار بووە.
بەگوتەی وەزیری بازرگانیی تورکیا قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بریتی بووە لە دوازدە ملیار و هەشتسەد ملیۆن دۆلار و لەبەرانبەردا هاوردە کە مەبەست قەبارەی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ تورکیا، گەیشتووەتە حەوت ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلار.
بەپێی ئامارەکە بەهای هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٤.٥% زیادی کردووە و گەیشتووەتە سێ ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلار بەڵام بە پێچەوانە هاوردە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا زیاتر لە ٤٦% دابەزی و گەیشتە هەشتسەد و سی و پێنج ملیۆن دۆلار.
وەزیری بازرگانیی تورکیا پێشبینی کردووە بەهای هەناردەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا بگاتە پازدە ملیار دۆلار و لە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی بازرگانیی ڕێگای گەشە لە ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە سەرووی بیست ملیار دۆلار.
ئەوەی هۆکار بووە لەوەی قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا کەم بکات ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئادارەوە نەیتوانیوە هیچ نەوتێک هەناردەی تورکیا بکات، وەستانی هەناردەی نەوت جگە لەوەی کە بە ملیاران دۆلار زیانی بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە تورکیاش زەرەرمەند بووە.
یەکێک لە ئامانجەکانی ئەردۆغان لەو گەشتەدا ئەوەیە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و لەگەڵ ئەمەدا هەر دوو لا ڕێک بکەون لەسەر ئەو ڕێگا بازرگانییەی کە بەندەری فاو بە زاخۆ و پاشان تورکیا گرێ دەدات کە بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی هەژمار دەکرێت.