ڕاستگۆیی و پیشەیی بوون لە کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان زۆر پاشەکشەی کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی نیسان سەد و بیست و شەش ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان تێدەپەڕێت و بۆیەش لە چەند ڕێوڕەسمێکی جیاوازدا یادی ئەم ڕۆژە گرنگە دەکرێتەوە.

له‌ ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی له‌سه‌ر ده‌ستی میقداد میدحه‌ت به‌درخان یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ ناوی کوردستان ده‌رچوو. ڕۆژنامەکە لەماوەی چوار ساڵی بەردەوامبوونیدا سی و یەک ژمارەی لێ چاپ کرا. ڕۆژنامەکە بە خۆڕایی دابەش دەکرا بیری نەتەوەخوازی و کوردایەتی و ستەمی داگیرکەرانی لە نێو خوێنەرانی کورد پەرە پێدەدا.
لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو ڕۆژنامەکە دەرچووە و داخراوە و پاشان چاپ کراوەتەوە و دواتر ڕۆژنامە و گۆڤاری هاوشێوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەرچوون و بڵاو کراونەتەوە. ڕۆژنامەگەریی کوردی لەژێر سێبەری ئەو ستەمەی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە کورد کراوە لە دۆخە سەخت و دژوارەکان هەندێک جار بە نهێنی دەرچووە و لەو قۆناغانەش کە دەرفەتێک بۆ ئازادی هاتووەتە کایەوە بە ئاشکرایی دەرچووە و هەوڵی داوە شان بە شانی ڕۆژنامەگەری نەتەوەکانی تر هەنگاو بنێت لە کاروانەکە دوا نەکەوێت.
ڕۆژنامەگەری کوردیی دوای سەد و بیست و شەش ساڵ هەوراز و نشێوێکی زۆری بڕیوە بەڵام هێشتا بەدەر نییە لە کەم و کورتی و بەداخەوە زۆری و بۆری پێوە دیارە و نەتوانراوە وەک پێویست رێک بخسترێت.
لانی کەم لە دە ساڵی ڕابردوودا سێ هۆکار کاریگەریی زۆریان هەبووە لە دەرچوونی ڕۆژنامەکان لە هەرێمی کوردستان. یەکێک لەو هۆکارانە پرسی تەنگژەی دارایی هەرێمی کوردستان بووە کە وای کرد ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە چاپ بوەستن ژمارەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی بە شێوەی کاغەز لە کوردستان دەردەچن بەراورد بە دەیەی ڕابردوو زۆر کەمترن.
هۆکاری دووەم بلاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنایە کە کاریگەریی زۆر خراپی بۆ سەر ڕۆژنامەی کاغەزی هەبوو و پەرەسەندنی پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک هۆکاری سێیەم گۆڕەپانی کاری ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد .
بەم هۆکارانە ژمارەیەکی زۆری چاپخانە داخران و ژمارەیەکی زۆری کرێکار کە لەو چاپەمەنی و بڵاوکراوانەدا کاریان دەکرد لە کارەکانیان بێبەش بوون، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر شێوازی کاری ڕۆژنامەنووساندا هات هەرچەندە لە بواری تریشدا هەلی نوێی کار ڕەخسا. ئەو ڕاستگۆییەی پێشتر لە کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان هەبوو زۆر پاشەکشەی کردووە و چاودێریکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن زۆر لاواز بووە و لاپەڕە فەیکەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی کاری ڕۆژنامەگەری کەشەکەیان لە قازانجی خۆیاندا قۆستەوە و ئەمەش زیانی زۆری بەو کەرتە گەیاند.
ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پێشتر بۆ هەولێر چەندین جار پێداگری لەوە کردووە کە لە گرنگترین کێشەکانی کاری میدیایی یان ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە هێشتا ئەو بوارە لە کوردستان هاوشێوەی وڵاتە پێشکەوتووەکان بە پیشەیی نەکراوە. هێشتا میدیا نەبووەتە کەرتێک کە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و دواتر قازانج بکات و ببێتە کارەکتەرێکی گرینگ لە گۆڕەپانەکە.
جێی باسە ئەمڕۆ هەر بە بۆنەی ئەم یادە گرنگەوە بڕیارە بە چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دروشمی پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووس، لە جیاکاریی جێندەری، سێیەمین دیداری نێودەولەتی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی ساز بکرێت.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە هەماهەنگی لیژنەی جێندەریی ڕۆژنامەنووسان “IFJ” ساڵیادەکە پیرۆز دەکات و چالاکییەکەیان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
دوێنێ یەکشەمەش سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە یاریگای کەمال سەلیم لە شاری سلێمانی چەند چالاکییەکیان ئەنجام دا و ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی و کەرکووک بەچەند چالاکییەک بەشدار بوون.