دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

تەرمی سێیەم خنکاوی لافاوەکەی دهۆک دۆزرایەوە

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک توانییان تەرمی سێیەم خنکاوی لافاوەکەی دهۆک لە دەوروبەری بەنداوی مووسڵ بدۆزنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 20-04-2024، عەمید حەسەن خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕاگەیاند، دوای مانگێک لە پرۆسەی گەڕان، تیمەکانیان توانییان لە دەوروبەری بەنداوی مووسڵ تەرمی ئەو گەنجە ئێزدییە بدۆزنەوە کە لە ڕۆژی 19-03-2024، لە سنووری ناحیەی خانکێی سەر بە قەزای سێمێل لافاو بردبووی.

گەنجەکە تەمەنی 15 ساڵە و ناوی “ڕۆژڤان ئیدریس”ـە. بە گوتەی، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە، 07-04-2024، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک توانییان تەرمی دووەم خنکاوی لافاوەکەی دهۆک لە گەڕەکی شندۆخا بدۆزنەوە.

پێشتریش و لە ڕۆژی پێنجشەممە، 28-03-2024، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە هاوکاری نزیکەی 600 هاووڵاتیی دهۆک و دەوروبەری توانییان تەرمی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی، لافاو بردنی، لە بەنداوی مووسڵ بدۆزنەوە.

ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو سێ هاووڵاتی لەگەڵ خۆی (دوو لە سەنتەری شار و یەکێکیان لە دەوروبەر) برد و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە هەزار خانوو و ئۆتۆمبێل زیانیان پێ گەیشت.