کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە بۆ کوردستان دەکات

سەرۆکی ئەمریکا جۆبایدن، ھەڵوێستی خۆی لەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و شەفافە. ئەو پەیامە ھەمان ئەو پەیامەیە کە سەرۆک بارزانی داوای دەکات و پارتی بە تێبینی خستوویه تە بەردەم کۆمیسیۆن و نوێنەری وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان.

حیزب و لایەنەکان، دەڵێن، دەبێت تۆماری دەنگدەران خاوێن بێت، نابێت ناوی مردووی تێدا بێت، نابێت ناوی خەڵکی دیکەی تێدا بێت کە عێراقی نەبێت، ھەروەھا زیاتر لە چوار سەد ھەزار دەنگدەر لە دەنگدان بێبەش کراون، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە زیان لە لایەنێک بدەن، پارتی پێیوایە ھەڵبژاردنەکە پێشوەختە دیزاین کراوە، بۆیە ئامادەنییە بچێتە ناو پرۆسەیەکەوە لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی لەسەر مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان.
دوو ڕێگە ھەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێن ئه وا پارتی بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات:
یەکەم، چارەکردنی پرسی کورسیی کۆتا.
دووەمیش، سیستەمی ھەڵبژاردن و کێشەی پەنجە مۆر.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٨ـی ئاداری ٢٠٢٤ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمانەکەمانی دەزانین کە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری ھەڵبژاردنێک نەکات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بکرێت.
ئەو ھەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق ھات لە ڕۆژی ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٤ کە دوای یازدە جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ھەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردندا دابەشبکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە یازدە کورسین ھەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە سەد و یازدە کورسییەوە بۆ سەد کورسی کەم دەکرێنەوە.
شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن دەڵێن: زۆربەی خاڵەکان کە پارتی تێبینی لەسەری ھەیە، بۆ پاراستنی کیانی ھەرێمی کوردستانە، کیانی ھەرێمی کوردستان واتە بەرژەوەندی ھەموو خەڵکی کوردستان، بە ھەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە. ھاوار محەممەد، شارەزای یاسایی و ھەڵبژاردن، دەڵێت: سەرۆکە گەورەکانی جیھان، بۆ نموونە سەرۆکی ئەمریکا داوا دەکەن ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف بکرێت، ئەگەر چەمکی پێچەوانە لەو دەستەواژەیە وەربگرین، کەواتە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، پرۆسەیەکە ناتوانێت نە ئازادی، نەدادپەروەری و نە شەفافییەت لە پرۆسەی ھەڵبژاردن دەستەبەر بکات، بۆیە دەکرێت کارێکی جیددی لەسەر ئەوە بکرێت و لە داھاتوودا ئەو خاڵانە بەدی بکرێن لەناو یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: کاتێک ھەڵبژاردن دەکرێت کە سەرجەم ھێز و لایەنەکان تێدا بەشدار بن. ئەو تێبینییانەی کە پارتی ھەیبووە تێبینی جیددین، تێبینییەکان تایبەتن بە خەڵکی کوردستان، پارتی ھێزێکی گەورەیە لە ساحەی سیاسی کوردستان و عێراق، بەبێ پارتی ھەڵبژاردن ناکرێت، ئەمە واقعێکە و سەرجەم ھێز و سیاسییەکان لە بەغدا درکیان بەوە کردووە بۆ ئەوەی ئەو تێبینییانە بە ھەند وەربگیرێن، لە گفتوگۆداین لەگەڵ کۆمیسیۆن، چوونکە ھەندێک بابەتی فەننی و ته كنیكی ھەیە تایبەت نییە بە پارتی، بۆ نموونە بێبەشکردنی زیاتر لە چوار سەد ھەزار دەنگدەری کوردستان لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان، ئەوە پێشێلکردنێکی دەستوورییە، ھەنگاو ھەیە بۆ ئەوەی داواکارییەکانی پارتی جێبەجێ بکرێن، بۆیە لەو بڕوایەدام بەشێکیان ئەوەی کۆمیسیۆن دەڵێ ماوەمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ناوانە تەواو بکەین، جا ماوەکەی چەند دەبێت، لەگەڵ ئەو تێبینییانەی پارتی چەند ھەڵبژاردن دوا دەکەوێت و لە چ کاتێکدا دەکرێت ئەوە بابەتێکی دیکە.