ڕێوڕەسمی وەرگرتنی هێندێک ده‌رمان بە بڕی 43 ملیۆن دۆلار لە پارێزگای دهۆک به‌ڕێوه‌ چوو

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌راسیمی وه‌رگرتنی هێندێک ده‌رمان بە بڕی 43 ملیۆن دۆلار له‌ پارێزگای دهۆك بەڕێوەچوو، كه‌ ده‌رمانه‌كان بۆ چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌گمه‌ن به‌كار دێن.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 17ـی نیسانی 2024)، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، بە ئامادەبوونی دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مووسا ئه‌حمه‌د سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گایر ئۆلڤێ بەرپرسی ڕێکخراوی هاوکاری و مرۆڤدۆستیی نەرویجی مەین MAIN، مەراسیمی وەرگرتنی  16316 دەرزی و دەرمانی چارەسەریی دەگمەن جۆری Humira بە بڕی 43 ملیۆن دۆلار لەشاری دهۆک بەڕێوە چوو، کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشەکانیان لە ڕێکخراوی مەینی نەرویجی بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوازی خێرخوازی دابین کراوه‌ و بۆ چەندین نەخۆشی دەگمەن بەکاردێن.

وەزیری تەندروستی لە پرێس کۆنفرانسێکدا سوپاس و دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی ناوبراوی کرد بۆ بەردەوام پاڵپشتی و هاوکارییە مرۆییەکانیان.