ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی؛ ئامانجێکی هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە

پرسی ڕاکێشانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی، پێویستی بە رەخساندنی هەلی کارکردن و زەمینەسازی تەواوە، لەو ڕووەوە هەرێمی کوردستان هەنگاوی جددی ناوە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا، هەوڵ دەدات وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکان رازی بکات زیاتر ڕوو لە عێراق بکەن.

ڕاکێشانی دەستی کاری ئەمەریکی، لە ئەجێندای سەردانی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتندا بووە.

لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکی هەن کە لە بواری وزە و بواری دیکەدا کار دەکەن، بەڵام بەهۆکاری ناسەقامگیری و دژایەتی کردن و ناڕەزایی بەشێک لە گرووپ و لایەنەکان بۆ بوونی هێز و بنکە ئەمەریکییەکان لە وڵاتەکەدا، بەشێک لەو کۆمپانیا ئەمەریکیانە ناچاربوون عێراق بەجێ بهێڵن.

پرسی ڕاکێشانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی، پێویستی بە رەخساندنی هەلی کارکردن و زەمینەسازی تەواوە, لەو ڕووەوە هەرێمی کوردستان هەنگاوی جددی ناوە. لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا و دیداری لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمەریکا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکانی ڕاگەیاند، “چاوم لە وەیە زۆربەتان بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بکەن”. هەر لە دیدارەکەدا، جێگری وەزیری وزەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا، پەرۆشن بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و ئاسانكارییەكان جێگەی خۆشحاڵین.

ئێستاش و لەم سەردانەیدا محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەوڵ دەدات کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکان رازی بکات زیاتر ڕوو لە عێراق بکەن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن، بەڵام نەبوونی زەمینەسازی تەواو و ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی بەربەستی زۆری لەبەردەم ئەو هەنگاوەی سوودانیدا دروست دەکات، کە وەک محەممەد نەجاڕ راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەبەرهێنان ئاماژەی پێدەدات، عێراق لە ٤٥ ساڵی رابردوودا بەهۆی نەبوونی زەمینەسازی تەواو، پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنانی تێدانەکراوە، بەڵکو زۆرینەی بودجەکەی بۆ شەڕ و کڕینی چەک خەرج کراوە.

بەشێک لە ئابووریناسە ئەمەریکییەکان پێیان وایە، دوای بەجێهێشتنی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمه‌ریکییە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو دوای نزیکەی 10 ساڵ کارکردن لە عێراق، چانسی متمانە پێکردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بۆ هاتنیان بەرەو عێراق کەمتر دەکات.