نێچیرڤان بارزانی: به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ واشنتن ده‌ڕوانین

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ واشنتن ده‌ڕوانین.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو)، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نووسیوویه‌تی: “هه‌رێمی كوردستان به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڕوانێت”.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت، پاڵپشتی ته‌واوی ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌كه‌ین، دڵنیاین ئه‌و سه‌ردانه‌ نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق ده‌كات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، به‌هیواین دیداره‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ركه‌وتوو بێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا به‌ره‌و باشتر هه‌نگاو بنێت.

رۆژی‌ 13ی‌ نیسانی‌ 2024، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ر له‌ به‌ڕێكه‌وتنی بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، رایگه‌یاند،‌ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌سه‌ر بانگهێشتی جۆ بایدن سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا سه‌ردانی‌ واشنتن ده‌كات و له‌ كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ بایدن كۆده‌بێته‌وه‌ و تاووتوێی په‌یوه‌ندیه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌ن.

سەرۆكوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی لە 13 تا 19ی ئەم مانگە لە ئەمریكا دەبێت.