ئەپیکور:كۆمپانیا ئەندامەكانمان پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان”ئەپیکور” ڕایدەگەیەنێت؛ سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی بۆ كۆشكی سپی، كه‌ له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجامی ده‌دات، دەرفەتێكی گرنگە بۆ كۆتایهێنان به‌ چەقبەستوویی بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەپیکور، باسی لە زیانەکانی وەستاندنی هەناردەی نەوتی کوردستان کردووە و هاوکات دەشڵێن پێشوازی لە هەر دەستپێسخەرییەک دەکەن ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ كۆمپانیا ئەندامەكانی پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەن، ببێتە هۆی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
ئەوەش دەخەنەڕوو؛ كۆبوونەوەی نێوان سوودانی و بایدن، وادەكات هەمووان پێكەوە دەستوبرد بكەن، بۆئەوەی كێشەكە بە ئاسانی چارەسەر بكەن و دەستبكرێتەوە بە بەرهەمێنانی تەواوی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەندراوەکەیاندا، ئەوەش هاتووە؛ هەرچەندە لە ئۆكتۆبەری 2023 توركیا بە فەرمی رایگەیاندووە ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق – توركیاوە، بەڵام تا ئێستاش هەناردە راگیراوە، كه‌ بەهۆیەوە ڕۆژانە بازاڕی وزەی جیهان نزیكەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەدەست دەدات، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان.
ئاماژه‌ به‌ زیانه‌كانی ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، نەبوونی ڕێككەوتنێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، زیانی 14.5 ملیار دۆلاری بە داهاتی عێراق گەیاندووە، هەروەها لە هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوتیش ژمارەیەكی زۆر خەڵكی كارەكانیان لەدەستداوە و دەرفەتی وەبەرهێنانیش كەمبووەتەوە.
جەخت لەوەش دەکەنەوە، كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاویان لە رێككەوتنێكی هاوبەشە ببێتە هۆی دەستپێكردنەوەی دەستبەجێی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیاوە.