وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بەهۆی نەبینینی مانگ لەلایەن لیژنەكانی بینینی مانگ لە هەرێمی كوردستان، سبەی سێشەم تەواوكاری مانگی رەمەزانی پیرۆز دەبێت.
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم لیژنەكانی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف كۆبووەوە، تایبەت بە دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان.
گوتیشی: بە پشتبەستن بە بەڵگەكانی بینینی مانگ و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەكییەكانی بۆ چاودێریكردنی بینینی مانگ لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان، هەروەها بە بەڵگەكانی فەلەكناسی لە هەرێمی كوردستان، لەبەر نەبوونی بەڵگەی شەرعی پێویست، بۆیە لیژنەی باڵای بینینی مانگ رایدەگەیەنێت كە سبەی سێشەم تەواوكاری مانگی رەمەزانی پیرۆزە و دووسبەی چوارشەم یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە.