قایمقامییەتی سلێمانی هۆشداری دایە هەموو ئەو دوكان و فرۆشگایانەی كە یاریی ئاگرینی تەقەمەنی و مورووی منداڵان دەفرۆشن كە رووبەڕووی سزایەكی توند دەبنەوە.
گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: یارییەكانی تەقەمەنی و مورووی منداڵان سەرەڕای ئەوەی مەترسی لەسەر منداڵان دروست دەكەن، هەروەها دەبنە هۆی بێزاربوونی هاووڵاتییان بە تایبەتی ئەو شوێنە و جێگەیانەی منداڵ بۆ بەسەربردنی كاتەكانی خۆیان رووی لێ دەكەن.
راشیگەیاند: داوا لە دایك و باوكان دەكەین زیاتر ئاگاداری منداڵەكانیان بن و رێگری لە كڕینی تەقەمەنی و چەكی موروو بكەن و مەهێڵن منداڵەكانیان یارییان پێ بكەن لەبەر ئەوەی رووداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا لیژنە هاوبەشەكان لەئەركدا دەبن و لە هەرشوێنێك ئەم یارییانەی منداڵان بفرۆشرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و فرۆشیارەكەش لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە رووبەڕووی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.
جەختیشی كردەوە كە بە فەرمانی قایمقامی سلێمانی تەواوی ئەو تەقەمەنی و چەكە موروویانە لە ناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوون و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناو دەبەن و خاوەنەكانیشیان رووبەڕوی سزا دەكەنەوە