بۆ ڕۆژانی جەژن ئامادەکاریی باش بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژنی ڕەمەزان کراوە، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیاران کراوە بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە بگەنە شوێنە گەشتیارەکان و کاتێکی خۆش تێدا بەسەر ببەن. بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن: پێشبینی دەکەین ئەم جەژنە گەشتیاری زیاتر لە جەژنەکانی ڕابردوو سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن.

ھۆتێل و ڕێستۆرانتەکان لە ھەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت ڕۆژانی جەژن کراوە بن لە خزمەت گەشتیاراندا، تەواوی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکانیش خاوێنکراونەتەوە و ئەوانەشی پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە بێت، کاریان تێدا کراوە و تاوەکو جەژن ئامادە دەبن.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٣، حەوت ملیۆن و دوو سەد و حەفتاو نۆ ھەزار و نۆ سەد و سێزدە گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ھاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و پێنج سەد ھەزار سەردانیکەر وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمار کراون.
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ھەزار و پێنج سەد شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون کە زۆرینەیان ھۆتێل، ڕێستۆرانت و کافتریان، لەوانە چوار سەد و شەست و ھەشت ھۆتێل، دوو سەد و شەست و حەوت موتێل، سی و سێ کۆمەڵگەی گەشتیاری، بیست گوندی گەشتیاری، پێنج سەد و بیست و چوار چێشتخانە و ڕێستورانت، شەش سەد و پەنجا و حەوت کافتریا و پێنج سەد و ھەژدە کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: لە ماوەیەکی کورتدا حکوومەتی ھەرێم دوو مووچەی دابەشکرد، ھەروەھا بەھۆی ئەوەی نەورۆز کەوتە نێو مانگی ڕەمەزانەوە بۆیە پێشبینی دەکەین ئەم جەژنە گەشتیاری زیاتر لە جەژنەکانی ڕابردوو سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران بەتایبەتی بکەن، بۆ ئەو مەبەستە ئاسانکاریی زۆر بۆ گەشتیاران لە بازگەکان کراوە.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەشڵێ: ئامادەکاریەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران لەسەر سێ ئاستە، ئاستی یەکەم ئەوەیە کە چ لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمە پێویستە بکەن، بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرەکانی گەشتوگوزار لە شار و شارچکەکانی سنوورەکە کردووە، ئاستی دووەم ئەوەیە کە چۆن بتوانین ھەماھەنگی بکەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەین، بۆ ئەوەی ئەو گەشتیارانەی کە دێنە سنوورەکە کاتێکی خۆش بەسەر ببەن، ئاستی سێیەم ئەوەیە کە چۆن بتوانین لەگەڵ شوێنە گەشتیارییەکان ھەماھەنگی بکەین، بۆیە زۆربەی ئەو شتانەی کە پێویستن کراوە، بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکان بکەن.

ھەواڵی زیاتر