بۆ چارەسەركردنی کێشەکانى زەوی و زار له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو

به‌ مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی گرفتی زێده‌ڕۆیی و سه‌رپێچی له‌سه‌ر موڵكی گشتی، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری شاره‌وانی، پارێزگاری هه‌ولێر و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌مرۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 7ـی نیسانی 2024) پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، به‌سه‌رپه‌رشتی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، لە پێناو بەرژەوەندى گشتیی و نەهێشتنی زێدەڕۆیی و سەرپێچى لە سەر موڵکى گشتیی و چارەسەرى  کێشەکانى زەوی و زار له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، کۆبوونەوەیه‌ك به‌ڕێوه‌چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەی زەویی و زاری موڵکی گشتیی کرا و هەروەها جەخت لە ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچی بۆسەر موڵکى گشتیى کرایەوە.

پاشان ڕاسپاردە و بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ دۆزینەوەى میکانیزمى گونجاو و چارەسەرى کێشەى زەویی و زارى موڵکى گشتیى و پۆلێنکردنى زەوییەکانى شارەوانی و کشتوکاڵی و نیشانکردنى حەرەمى گوند لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دووپاتى لەسەر کرایەوە.