تۆمارکردنی فەرمانبەران لە سیستمی “هەژماری من” گەیشتە دووسەد و شەست هەزار کەس

پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە “هەژماری من” کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتووەتە دووسەد و شەست هەزار کەس و سەد و پەنجا و سێ هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.

تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی ١٠٠٠ ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات.
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تا ئێستا بریتین لە BBAC – NBI – RT – Cihan – IIBو سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە.
ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.

بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:
١- دەستراگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.
ئامێرەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.
٢- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.
٣- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.
٤- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
٥- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری