سەرنجەکانی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بە گرنگ وەرگیراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەشدارینەکردنی پارتی لە ھەڵبژاردن پرسێکی گەرمی شەقامی کوردستانە، بارەگای بارزانی بووەتە جێگەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی عێراق و جیهان، دەیانەوێت لە ھەڵوێستی پارتی تێ بگەن، پارتی پێداگرە کە بەشداری ھەڵبژاردنێک ناکات، کە دیزاینێکی پێشوەختەی بۆ کێشرا بێت، بە پێویستی دەزانێت لە پێناو کردنی ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفافدا کێشە تەکنیکییەکان چارە بکرێن و لەژێر چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت. چاودێرانی پرۆسەکە، دەڵێن؛ بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان پێویستە گرفتەکانی بەردەم پرۆسەکە چارە بکرێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.

دوو ڕێگە ھەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێن، پارتی بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، یەکەم چارەکردنی پرسی کورسیی کۆتا، دووەمیش سیستەمی ھەڵبژاردن و کێشەی پەنجە مۆر. ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٨ـی ئاداری ٢٠٢٤ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری ھەڵبژاردنێک نەکات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بکرێت.
ئەو ھەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق ھات لە ڕۆژی ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٤ کە دوای یازدە جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ھەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردندا دابەشبکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە یازدە کورسین ھەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە سەد و یازدە کورسییەوە بۆ سەد کورسی کەم دەکرێنەوە.
ناوەڕاستی ھەفتەی ڕابردوو، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، لە ڕوونکردنەوەکەدا ھاتووە، گوایە پارتی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی بۆ کاتێکی تر کردووە بۆ ئەوەی بە ھەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستە، بەشداری لە ھەڵبژاردن بکات. ڕاشیگەیاند؛ پارتی لەسەر ھەڵوێستی خۆی پێداگرە و ھیچ جۆرە دەستوەردانێکی نایاسایی لە ھەڵبژاردنەکان قەبووڵ ناکات.
د. ڕەزا ئیسماعیل، چاودێری سیاسی، گوتی: چەند ڕۆژێکە کونسووڵ و نوێنەری وڵاتان و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوە لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکەن، ئەوەش بەو مانایە دێت پارتی تاکە ھێزە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق خاوەن بڕیاری سەربەخۆیە، ئەو دیزاینەی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، پێشتر ڕەتکرایەوە، ڕەتکردنەوەی ئەو ھەوڵەش بەھۆی پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی پارتی بووە، جێبەجێکردنی پلانەکە زیان لە ھەرێمی کوردستان دەدات پارتیش ئەوەی پێ قەبووڵ نییە.
دەشڵێ: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئەو بڕوایە یەکلای کردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان، تەنیا لای پارتییە، ئەوەیە کە وای کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە بڕیار و ھەڵوێستەکانی پارتی بکات، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێک بکرێت، دوور بێت لە دەستی دەرەکی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوویان لە بارەگای بارزانییە، ھەموویان دەیانەوێت بێ دەستێوەردان ھەڵبژاردن بکرێت، ئەم جووڵە دیبلۆماسییە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکە لە ئاستی عێراقیش ھەوڵەکان دەستی پێکردووە، ھەموو ئەو ھەوڵانە بەھۆی بەھێزی پێگەی پارتییە، کە نایەوێت ھیچ ئیرادەیەکی بەسەردا بسەپێت.
مونیر کەمال، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: دوو ڕێگەمان لە پێشە بۆ ئەوەی ھەمووان ڕازی بن و ھەڵبژاردن بکرێت، یەکێک لە ڕێگەکان ڕێگەی دیبلۆماسییە، کە کورد داوا لە مەجلسی ئەمن بکات کە ئەوان تەداخول بکەن، ڕێگەی دووەم سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەتوانن داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن کە نەتەوەیەگرتووەکان سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات، ئەو کاتە ھەڵبژاردن شەفاف و بێ کێشە دەبێت، ئەوەش ھەم بۆ عێراق، ھەمیش بۆ ھەرێمی کوردستان باشە.
ئاری ھەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەڤانیدا، گوتی: ھەڵوێستی پارتی لە بارەی ھەڵبژاردن ڕوونە و دوو ساڵە ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ئەوانەی لە دەنگی زۆرینەی پارتی دەترسن، تا دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی ھەڵبژاردن کە دەتوانن خۆیان دیزاینی بکەن، ڕێگربوون لە کردنی ھەڵبژاردن.
بەرپرسی لقی چواری پارتی، ڕوونیشیکردەوە: پارتی ھێزێکی بچووک نییە بە ئاسانی لە پرۆسەی سیاسیی بخرێتە دەرەوە، بۆیە ھەموو ھێزە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش دەزانن، ھەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەو سەنگەی نییە و کێش دەیەوێت بەبێ پارتی ھەڵبژاردن بکات، گۆڕەپانەکەی بۆ کراوەتەوە، پارتی ھۆی بەشدارینەکردنی لە ھەڵبژاردن ڕوونکردووەتەوە و بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەوبارەیەوە ھەموو ھۆکارەکانی دیاریکردووە، بۆیە ئەوان بەشداری لە ھەڵبژاردنێک ناکەن تاوەکو پیلانگێڕییەکی گەورە لە ھەرێمی کوردستان لە ئارادا بێت کە ساختەکاری لە ئەنجامی ھەڵبژاردن بکرێت.
ئاری ھەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی، ئاشکراشی کرد: زانیاریمان ھەیە کە ئێستە لەناو ھەرێمی کوردستاندا، تیمی پرۆفشناڵ ھەیە بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، ئێمە بە بەیاننامە گوتوومانە بۆچی بەشداری ھەڵبژاردن ناکەین، ھۆکارەکانیشی دیارن، پێمانوایە ئەمە پلانگێڕییە دژی ھەرێمی کوردستان.