لە سنووری ئامێدی بەگوژمەی شەش ملیار دینار بەردی بناغە بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە دانرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئامێدی دانران. پارێزگاری دھۆک، دەڵێت، لە داھاتوویەکی نزیکدا بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە لە سنووری قەزاکە دادەنێین.

بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەردوو ناحیەی چەمانکێ و سەرسەنگ، لە سنووری قەزای ئامێدی بەگوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار دانران، پڕۆژەکانیش بریتین لە؛ دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی ڕێگەی گەلی چەلوکێ- سیارێ بە درێژایی حەوت کیلۆمەتر بە گوژمەی یەک ملیار و سێ سەد و حەفتا و چوار ملیۆن دینار، لەگەڵ دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی ڕێگەی گەلی ئاڤوکێ بە درێژایی شەش کیلۆمەتر بە گوژمەی یەک ملیار و سی و دوو ملیۆن دینار، ھەروەھا دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی ڕێگەی گوندەکانی سپیندارێ- چەلوکێ بە درێژایی سێ کیلۆمەتر بە گوژمەی شەش سەد و پەنجا و نۆ ملیۆن دینار و گەیاندنی ھێڵی کارەبا بۆ گوندی ئاڤوکێ و گەلی ئاڤوکێ بە گوژمەی دوو سەد و شازدە ملیۆن دینار، لەگەڵ دانانی بەردی بناغەی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری ناحیەی سەرسەنگ بەگوژمەی دوو ملیار و سێ سەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو پڕۆژانە بە ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەسەر بودجەی تایبەتی پارێزگای دھۆک جێبەجێ کراون.
پارێزگاری دھۆک، ئاماژەی بەوەش کرد: بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، کەرتی گەشتیاری لە سنووری قەزای ئامێدی و بەتایبەتی لە ھەردوو ناحیەی سەرسنگ و چەمانکێ بەرەوپێش دەچێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئامێدی دادەنێین.