سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا كۆبووه‌وه‌

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4/4/2024 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ جۆول ڤاوڵ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا و شاندێكی یاوه‌ری، دۆخی ئه‌منی و سه‌ربازیی ناوچه‌كه‌ و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی هاوبه‌شیان، تاوتوێ کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بوو، دوای پێشكه‌شكردنی پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ ناوچه‌كه‌، هه‌ردوولا له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له‌ عێراق و ناوچه‌كه هاوڕا بوون و پێویستیی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی‌ هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان‌، دووپات كرایه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین هه‌نگاو و پێشهاته‌كانی پرۆسه‌ی چاکسازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ باس كرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پێویستی به‌رده‌وامیی پرۆسه‌که‌ كرده‌وه‌ و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هه‌نگاوه‌کانی،‌ ده‌ربڕی.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی دیکه‌ی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ و جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.