خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک کرا

به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆک خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشی ئەو خاوەن هۆتێل و مۆتێلانە کرد کە شوێنی مانەوەیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دابینکردبوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، سەربەست لەزگین، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆک، لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشی هەموو ئەو خاوەن هۆتێل و مۆتێلانەی شاری دهۆک کرد کە لە کاتی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو شوێنی مانەوەیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دابین کردبوو و هاوکارییان کردبوون.

سەربەست لەزگین لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “بە ناوی هەموو خەڵكی دهۆک سوپاسی ئەو خاوەن هۆتێل و مۆتێلانە دەکەم کە ئەمڕۆ ئامادەن و لە کاتی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەیان کرد و شوێنی مانەویان بۆیان دابین کرد. هەر ئەمە لە خەڵکی خۆمان چاوەڕێ دەکرێت و دەبێت هەمـوومان هاوکاریی یەکدی دەبین”.

سەربەست لەزگین ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی ڕابردوودا هاوکاریی زیاتر لە هەزار و 300 خێزانی زیانلێکەوتووی لافاوەکە کراوە و هەروەها 150 یەکەی نیشتەجێبوون (شوققە) بەو هاووڵاتییانە دراوە کە لە ئەنجامی لافاوەکە زیانێکی زۆر بەر خانووەکانیان لە گەڕەکی هشکەڕوو گەیشت.

ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو دوو هاووڵاتی لەگەڵ خۆی برد و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی. لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە هەزار خانوو و ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت.

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر هەڵسانی لافاوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا و لە رێوڕەسمێکدا؛ کلیلی 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بە خاوەنی 117 خاوەنخانووی ئەو گەڕەکانی دهۆک درا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتبوو و جێگەی مانەوەیان نەمابوو. پڕۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ تا پێش جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە.

هەر دوای هەڵسانی لافاوەکە، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی؛ مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکەری گوڵان و تایبەتیی یەک، بە هاوڕێیەتی سەدان پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دهۆکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەیە لە پاشماوەکانی لافاوەکە.

لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی زیانلێکەوتووانی کردووە یان نا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە حکوومەتی عێراق “یەک دیناریشی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و دەوروبەری کردبێت” و، گوتی: “تەنانەت سەرەخۆشییان لە ئێمە نەکردووە”.