گەندەڵیەکانی عێراق بە شەڕفرۆشتن بە هەرێمی کوردستان پەردەپۆش ناکرێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گەندەڵیی و سەرانەوەرگرتنی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و ئاشکرابوونی پێوەندییەکی بەدڕەوشتیی ڕاگری کۆلێژێکی بەسڕا کۆمەڵگەی عێراقی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەر دوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ناوخۆی عێراقی لەم دوو ڕووداوەدا کەوتوونەتە ژێر ڕەخنە و گازندەیەکی زۆرەوە.

رووداوی یەکەم پێوەندیدارە بە کۆمەڵێک ئەفسەری پلەباڵای سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەوان لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەی هەیانبووە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان بە هەڕەشە و چاوترساندن و وەرگرتنی سەرانە کردووە و بە ئامانجی دەستخستنی پارە کۆمەڵێک بەڵگەیان لە دژی چەند بەرپرسێکی تری وەزارەتی ناوخۆ بڵاو کردووەتەوە و داوای پارەیانی لێیان کردووە.
دووەم ڕووداوە پێوەندی بە ڕاگری کۆلێژی زانستی کۆمپیوتەری زانکۆی بەسڕا هەیە کە پێوەندی سێکسیی لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابییانی کۆلێژەکە هەبووە و وێنە و ڤیدیۆکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە و ئەمەش هەرای ناوەتەوە و چۆن دەکرێ لە ناوەندێکی زانستی بەم شێوەیە هەڵسوکەوت بکرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی شەروقولئەوسەت ئەم دوو ڕووداوە عێراقی هەژاندووە و بە هەزاران کەس لە کەسایەتی و نووسەر و چاودێرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کارانەیان شەرمەزار کردووە و بووەتە بابەتێکی گەرمی کۆمەڵگەی عێراقی، خەڵک داوای سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە لە ژێر ناوی پۆست و پلەی زانستی و سەربازیدا لە عێراق خەریکی گەندەڵی و بەدڕەوشتین.
سەرلەشکر یەحیا ڕەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دامەزراندنی لیژنەیەکی داوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکات. لیژنەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆیە و هەر یەک لە سەرۆکی دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانی و چاودێریی سەربازیی وەزارەتی بەرگری تێیدا ئەندامن.
ئەو ڕوونی کردەوە لیژنەکە دوای لێکۆڵینەوە توانیویەتی باندێک بدۆزێتەوە کە لە ژێر ناوی نهێنیدا کاریان کردووە و تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێگە و ئەکاونتی تایبەتی و ساختەیان هەبووە و باجیان لە دامەزراوە تەناهییەکان و هاوکارانیان وەرگرتووە.
یەحیا ڕەسول، دەڵێت؛ ژمارەیەک لەو ئەفسەرانە دەستگیر کراون و دەست بە ڕێکاری گونجاوی لێپێچینەوە کراوە لەگەڵیان. لە نێو ئەو ئەفسەرە پلەدارانە ناوی چەند کەسێک ڕاگەیەنراوە کە ناسراون، یەکێکیان سوپاسالار سەعد عەلاق سەرۆکی زانکۆی لێکۆڵینەوەی ستراتیژییە و دووەمیان سوپاسالار سەعد مەعن بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی پێوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقە.
حەڤدە ئەفسەر و کارمەند دانیان بەوە ناوە کە ئەوانە بۆ دەستخستنی پارە و سەرانە وەرگرتن بۆ ئەو دوو ئەفسەرە پلەدارە کاریان کردووە. ئەوان شەش پەیجی ساختەیان دروست کردووە و لە پەیجەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی کۆمەڵێک ئەفسەر و پلەدار وەستاونەتەوە و هەڕەشەیان لێیان کردوون و دواتر لە بەرانبەر وەرگرتنی پارە و باج بەڵگەنامەکانیان لەناو بردوون.
بازنەی گەندەڵیی و کڕین و فرۆشتنی پۆستەکان بە تایبەتی لە دەزگا هەواڵگری و سەربازییەکان لە عێراق پەرەی سەندووە و هەر ئەوەش پەرەی بەوە داوە تا باندی هاوشێوە بێنە کایەوە.
لە لایەکی ترەوە لە بەسڕا دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی بەدڕەوشتیی عیماد شەعلان ئەلشاوی ڕاگری کۆلێژی زانستی لەگەڵ خوێندکارێکی کچ لە نووسینگەی ڕاگرایەتیی زانستی کۆمپیوتەر لە لایەن هێزەکانی پۆلیس دەستگیر کراوە.
نەعیم عەبودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا ئەو ڕاگرە لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە. عەبودی سەر بە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە و شەش مانگ لەمەوبەر ئەو پۆستەی بە شەعلان ئەلشاوی دابوو. هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەوە کردووە کە ئەو بەرپرسەی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بەگشتی ئەم ڕووداوانە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی ئەو کارەی سەرۆکی کۆلێژەکە کردوویەتی لە ڕاستیدا خیانەت و ناپاکی بووە دەرحەق بە پیشەکەی.
جێی باسە لە عێراق بازنەی گەندەڵییەکان زۆر بەرفراوانە و ئەوەی ڕووی داوە مشتێکە لە خەروارێک بەڵام بەرپرسانی باڵای عێراق بە گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان و شەڕپێفرۆشتن و سەرقاڵکردنی عێراقییەکان بە پرسە دەرەکییەکان پەرەیان بە گەندەڵی و سەرپۆشکردنی ناوە.