دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سه‌رۆك بارزانی: ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەکەیان هیچ كاتێك لەیاد ناكرێت

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی،  په‌یامێكی بۆ یادی چل و چوار ساڵه‌ی  جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییدا هاتووه‌، بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان،خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە، تەنیا تاوانیان پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە، دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی  لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخستوانەی كە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێ، پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق بە ئەركی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ و ناسنامە و قەربووكردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی جێبەجێ بكات.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، لەیادی چل و چوار ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەکەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هیچ كاتێك لەیاد ناكرێت.