شاندی هەرێم دوای رێككەوتن لەسەر پرسی بودجە و مووچە گەرانەوە هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئەمشەو شاندی هەرێم دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی سەركەوتوو لەسەر پرسی بودجە و مووچە و رێككەوتن، لە بەغداوە گەرانەوە هەولێر.

وەزارەتی دارایی بڵاوی كردەوە: دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرینگ و سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتاییان بەسەردانەکەیان بۆ بەغدا هێنا و گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدرال و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت”.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند “لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت، هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت”.

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش دا “لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر درا هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم”.

جێی باسە شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ سێشەم گەیشتبووە شاری بەغدا.

وەزارەتی دارایی رایگەیاندبوو كە ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچەی فەمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.