سێ هەزار فەرمانبەر لە ڕێگەی ئەی تی ئێمەکانی “هەژماری من” ەوە موچەکانیان وەردەگرن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا ئێستە نزیکەی سێ سەد ھەزار فەرمانبەر بوونەتە خاوەن کارتی ھەژماری من، لەو ژمارەیە سێ ھەزار فەرمانبەر لە ڕێگەی ئەی تی ئێمەکانی ھەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن، پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن، ڕۆژانە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە زیاد دەبێت کە کارتی ھەژماری من وەردەگرن. فەرمانبەران لە سیستەمەکە ڕازین و دەڵێن، لە ھەر کات و شوێنێک ئامێری ڕاکێشانی پارە ھەبێت دەتوانین مووچەکانمان وەربگرین، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، دەڵێن: تا کۆتایی ئەمساڵ ھەزار ئامێری ڕاکێشانی پارە لە شارەکان دادەنرێن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی کارتی ھەژماری منەوە بێ کێشە دەچێتە پێشەوە و تاکۆتایی ئەمساڵ تەواوی فەرمانبەران دەبنە خاوەن کارتی بانکی، ئەو فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی ئەی تی ئێمەکانی ھەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، دەڵێن، ھەر کاتێک مووچە خرایە سەر ھەژمارەکەمان بە ویستی خۆمان کەی بمانەوێ دەتوانین مووچەکەمان وەربگرین بێ ئەوەی نۆرە بگرین، چونکە بەشێوەی ٢٤ کاتژمێری سیستەمەکە کراوەیە، ئەم فەرمانبەرانە پێش ئەوەی لەڕێگەی ھەژماری بانکییەوە مووچەکانیان وەربگرن، مانگانە دووچاری جەنجاڵی و نۆرەی وەرگرتنی مووچە دەبوونەوە، ئێستە بە ئومێدەوە دەڕواننە پڕۆژەکە و ھیوادارن ھەموو فەرمانبەرێک ببێتە خاوەن ھەژماری من، چونکە بەگوتەی خۆیان پڕۆژەیەکی زۆر باشە.
تاوەکو ئێستە نزیکەی سێ سەد ھەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی مامەڵەی پڕۆژەی ھەژماری منی بۆ کراوە و زیاتر لە سەد و سی ھەزار فەرمانبەریش کارتە بانکییەکەیان وەرگرتووەتەوە و پرۆسەکە زۆر بە خێرایی بەڕێوە دەچێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی ھەژماری من و ئێستە لە حەوت شاری ھەرێمی کوردستان دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکە کراوە، ڕۆژانە زیاتر لە چوار ھەزار فەرمانبەر لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار دەکرێن، پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، دەڵێن: تا کۆتایی ئەمساڵ ھەزار ئامێری ڕاکێشانی پارە لە شارەکان دادەنرێن.
د. مستەفا مەلا حەسەن، شارەزای دارایی و بانک، گوتی: پڕۆژەی ھەژماری من، ھەموو ئەو پاکێجە داراییانەی کە لە جیهاندا ھەیە دەتوانن بە ماوەیەکی کەم پێشکەش بکەن، ھەروەھا یەکێک لە باشترین سیستەمە داراییەکانی ئەوروپا هی تورکیایە، پڕۆژەی ھەژماری من ھیچی لەو کەمتر نییە.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، کەرتی بانکی ھەنگاوێکی خێرای نا، ھەروەھا ئەو وڵاتانەی لە پرۆسەی بانکی و سیستەمی دارایی جیھانی بەشداریان نەکردووە، بەتەواوی دواکەوتوون، ھاندانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بەشداری پێبکات لە کۆی سیستەمی بانکیدا ئەوە پێشکەوتنە.