دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

حکوومەتی عێراق بەڵێنەکەی بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان جێبەجێ نەکردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە دوای کێشە و قەیرانەکانی سووریا و سەرھەڵدانی شەڕی داعش لە عێراق و سووریا، ھەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران. بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ڕێژەی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان شەش سەد و سی ھەزار کەس دەبن، نزیکەی دوو سەد و سی ھەزار کەسیش وەک پەنابەری سووری لە کوردستان ھەن، کۆی گشتی ئاوارە و پەنابەرەکان نۆسەد و دوو ھەزار کەس دەبن.

ھەرێمی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چەندین ساڵی ڕابردوودا پێگەیەکی گرنگی مرۆیی و جیھانی لەڕووی پێشوازیکردن و ڕێزگرتن لە پەنابەران و ئاوارەکان تۆمار کردووە و لەلایەن دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەرز نرخێنراوە.
تێچووی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژانە بۆ ھەر کەسێک دوو دۆلار و سێ سەنتە و ساڵێک نزیکەی ھەشت سەد و پەنجا ملیۆن دۆلارە، ئەرکەکەش ھەموو لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە کۆی گشتیی پەنابەران و ئاوارەکان ٣٠% لەناو کەمپەکان دەژین، ٧٠% لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین و نزیکەی سەد و دە ھەزار خێزانی عێراقی ئاوارەی ھەرێمی کوردستانن، سی و سێ کەمپ لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ٤١% پەنابەران و ئاوارەکان لە پارێزگای ھەولێرن، ٤٠% لە پارێزگای دھۆک و ١٩% لە پارێزگای سلێمانین.
نیوەی ئەو ئاوارانەی لە ھەرێمی کوردستانن، ئاوارەی شنگالن، جگە لە ئاوارەکانی خوارووی عێراق، کە کێشەکانیان چارە نەکراوە تاوەکو بگەڕێنەوە. سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان، سەرباری قەیرانە داراییەکان، بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانی داوە، حکوومەتی عێراق وەکو پێویست بە ھانای ھاووڵاتییانی خۆی لە ھەرێمی کوردستانەوە نەھاتووە.
حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام بەشێکی زۆری ئاوارەکانی نێو کەمپەکان ڕەتی دەکەنەوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، چونکە تا ئێستە حکوومەتی عێراق پابەندی ھیچ بەڵێنێک نەبووە و ھیچ ھاوکارییەکی نەکردوون، ئاوارەکان دەڵێن: حکوومەتی عێراق بە مەبەستێکی سیاسی فشارمان لێ دەکات بۆ گەڕانەوە، لە کاتێکدا مەرجی ئەوان بۆ گەڕانەوە دابینکردنی ئاسایش و ئەمنیەتە، کە تا ئێستە ئەو گەرەنتییەیان پێ نەدراوە، ئەوان ھەر لەناو کەمپەکان دەمێننەوە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، سەرجەمی ئەو ھاوکاریانەی کە کراون ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن.
ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆریان سەرقاڵی ئەو ڕێکارانەن کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، وەکو ڕێنمایی بۆی داناون، بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان، ھەندێک لە ئاوارەکان کە زیاتر لە دە ساڵە نیشتەجێی کەمپەکانن، باس لە بەڵێنەکانی عێراق دەکەن و دەڵێن ھیچیان جێبەجێ نەکراون، تەنیا سەبەتەیەکی خۆراکی پێشکەش کردووین، ئەویش ماوەکەی بەسەرچوو بوو، وەزارەتی کۆچبەران، بەڵێنی دا ھەر خێزانێک چوار ملیۆنی پێ بدات، لەگەڵ ھەندێک پێداویستی ناو ماڵ، بەڵام تا ئێستە نە پارەکە دیارە و نە ھیچ شتێک، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بۆ فەراھەم کردووین.
حکوومەتی عێراق پلانی ئەوەیە تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دۆسیەی ئاوارەکان دابخات، بەڵام بەگوێرەی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێویستە ھەر ئاوارەیەک کاتێک دەگەڕێتەوە زێدی خۆی دۆخی ئەمنی و لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کلتووریشی بۆ فەراھەم بکرێت. عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاریی لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی شەش سەد و سی ھەزار کەس وەکو ئاوارەی ناوخۆی عێراق تۆمار کراون، لەو ژمارەیە سەد و پەنجا و ھەشت ھەزارییان لەناو کەمپەکان دەژین کە ژمارەیان بیست و چوار کەمپە، شەش کەمپ لە پارێزگای ھەولێر و پازدە کەمپ لە پارێزگای دھۆک و یەک کەمپیش لە پارێزگای سلێمانی بۆ ئاوارەکان دابین کراون، ٣٠% کۆی گشتیی ئاوارەکان لە بیست و چوار کەمپدا دەژین و ٧٠%ی ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاریی لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بابەتی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دۆسییەکە ھەر لەسەرەتاوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی ھاوبەشیی ھەماھەنگیی قەیرانەکان بە ھاوبەشیی لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ لایەنی تایبەتی حکوومەتی فیدراڵ کە کاری لەسەر کردووە، دوای پرۆسەی ئازاد کردنی ئەو ناوچانەی کە کەوتنە بەر ھێرشی گرووپی تیرۆرستی داعش، نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر ھاتنە ناو ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی پەنجا و ھەشت کەمپ بۆ سەرجەم ئاوارەکان دیاری کران بۆ ئەوەی قۆناغی یەکەم ئاوارەکان و لە قۆنا‌غی دووەمیشدا پەنابەرانی تێدا بحەوێنەوە، دواجار توانرا لەڕێگەی بەرنامە ھاوبەشەکانی دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر بگەڕێنەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان ئەوەی ئێستە کە ماوەتەوە شەش سەد و سی ھەزار کەس وەک ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە، نزیکەی دوو سەد و سی ھەزار کەس وەک پەنابەری سووری لە کوردستان ھەن، کۆی گشتی ئاوارە و پەنابەرەکان نۆ سەد و دوو ھەزار کەس تۆمار کراون.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاریی لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تۆمەتانەی حکوومەتی عێراقی ھەڵی دەبەستێت بۆ ھەرێمی کوردستان، تۆمەتی بێبنەمان، بۆ ھەموولایەک دیارە بەتایبەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوانەی لەگەڵ تیمە ھاوبەشەکانی ئێمە کار دەکەن، ئەو قسانەی حکوومەتی عێراقی ھیچ بنەمایەکی نییە، ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕێکخراوی کۆچی “ئای ئۆ ئێم” لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران، لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی کە لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، ھەر لە سەرەتای ٢٠١٤ تاکو ئێستە پڕۆسەی گەڕانەوە بە ھاوکاری و ھاوبەشیی ئێمە دەستی پێکردووە، گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگای دھۆک دە قۆناغ و لە پارێزگای ھەولێریش سێ قۆناغی بڕێوە.