سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە هەولێر دەکات

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز یاکۆ بێریندز کونسوڵی گشتی هۆڵەندا و کلاوس شترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان. هەروەها ئاماژە بە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا و هەردوو کونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا پاڵپشتی وڵاته‌كانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە ڕاگەیاند بە جۆرێک کە نوێنەرایەتی ڕووی دیموکراسی هەرێمی کوردستان بکات، ئەویش بە هاوکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ستایشی ڕۆڵی هه‌ردوو وڵاتی هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیای دۆستی کرد لە پاڵپشتیکردنی دۆزی گەلی کوردستان. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنە لە کوردستان، و لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت. بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی زیاتر له‌ چوارسه‌د هه‌زار دەنگدەر لە دەنگدان و جگە لەوەش سەپاندنی ڕێکار و میکانیزمی و ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات بەبێ هیچ دەستێوەردانێک و داڕشتنێکی پێشوەختە. بە پێویستشی زانی كە هەموو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانەی مه‌له‌فی هه‌ڵبژاردن چارەسەر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسەكه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، به‌ شێوه‌یه‌ک کە لە خزمه‌تی دیموکراسی و شەرعیەتی دامودەزگاکانی هەرێمدا بێت.