عێراق ئامانجیەتی هەرێمی کوردستان لە گەشەسەندن بخات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق لە جیاتی ئەوەی قەبارەی گەشەسەندوویی عێراق لەڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە ئاستی هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانە دەیەوێت هەرێمی کوردستان لە گەشەسەندن بخات تا ئەو کاتەی عێراق پێش دەکەوێت و شان لە شانی هەرێم دەدات.

هەرچەندە عێراق و هەرێمی کوردستان لە سالی ٢٠٠٣ەوە لە ڕووی داهات و دەستپێڕاگەیشتنیان بە پارە و سامان لەگەڵ یەکتر بەراورد ناکرێن، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو بودجە و داهاتەی لەبەردەستیدا بووە زۆر باشتر بەکاری هێناوە و ڕەنگدانەوەی لەسەر گەشەسەندنی کەرتە جیاوازەکانی ئابووری بەرجستەتر بووە.
عێراق لە ساڵانی یەکەمی دوای ڕزگاری تووشی شەڕی تایفی بوو و ئەو شەڕەش بۆ ماوەی زیاتر لە یەک دەیە بەردەام بوو و لە هەموو ئەو کاتانەی کە عێراق بەدەستی شەڕی تایفی دەیناڵاند، هەرێمی کوردستان لە گەشانەوەیەکی خێرا لە سەرجەم کەرتەکاندا کردبوو.
بەسەدان کۆمپانیا ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و حکوومەتەکانی کوردستان بەو لەسەدا حەڤدەیەی پشکی بودجە پێی دەگەیشت، دەستی کراوە بوو بۆ ئەوەی وێڕای پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی کارەبا و ئاوی پاک و پەرەپێدانی شەقام و ڕێگاوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و سەرجەم بوارەکانی تری خزمەتگوزاری، ژیانی خەڵکیش باشتر بکات.
ئەو گەشەسەندنە لە هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٤ گەیشتە لووتکە بەڵام دوای ئەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق پچڕا هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە گورزی بەرکەوت.
هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ قەیرانەکانی، بڕینی بودجە و شایستە داراییەکان، تیرۆر، شەپۆلی ئاوارەکان و چەند کێشەیەکی تر بەرەوڕوو بوو بەڵام نەیهێشت هەرێمی کوردستان لە گەشە ئابوورییەکەی بوەستێت. بە فرۆشتنی نەوت و کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ ساڵانی قەیرانیشی تێپەڕ کرد و تەنانەت لە قەیراناویترین ساڵەکانیش کە نیوەمووچە دابەش دەکرا پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون.
هەرچەندە ئەو گەشەسەندنەی لە هەرێمی کوردستان ڕووی داوە بەدەر نییە لە ڕەخنە و گازندە و خەڵکی کوردستان پێیان وایە دەکرا قەبارەی گەشەسەندن و ئاوەدانکردنەوە زۆر زیاتر بێ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیمای شار و گوندەکانی ئێستەی کوردستان جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا هەیە.
ئەو گەشتیارە عێراقییانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن خۆیان باشتر ئەو هەڵسەنگاندنە دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شارەکانی کوردستان دانیان بەو ڕاستییە ناوە کە کوردستان چ جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ پارێزگاکانی عێراقدا هەیە.
بەو سیاسەتەی بە تایبەتی بەغدا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە گرتوویەتە بەر هەموو هەوڵێکی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدات و ڕێ لە گەشەسەندنی بگرێت چونکە گەشەسەندنی کوردستان بە زیانی خۆیان دەبینن و پێیان وایە شەقامی عەرەبی بەو جیاوازییەی لە پێشکەوتن و خزمەتگوزارییەکاندا دەیبینن، لێیان هان دەدرێن. عێراق ڕێی لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان گرتووە و ئەم جارە دەیەوێت دەست بەسەر داهاتی سنوور و ناوخۆیشیدا بگرێت و تەنانەت مافی دابەشکردنی مووچەش لە هەرێمی کوردستان بستێنێتەوە.
جگە لەمە عێراق بەم هەنگاوانەی پرسێکی شۆڤێنیی پەرە پێداوە و لەسەر حسابی ئەوەی دەیانەوێت نیشتمانی عێراق بپارێزن و سیستمی فیدراڵی جێبەجێ بکەن و ڕێ لە ویستی سەربەخۆییخوازی کورد بگرن، لە ڕێی میدیاکانەوە خەڵکی خۆیان بە کێشەکانی کوردستان سەرقاڵ کردووە و بانگەشەی هەڵبژاردنی پێ دەکەن و هەر ڕۆژە و بیانوویەک بە هەرێمی کوردستان دەگرن و شەڕێکی نوێی پێ دەفرۆشن.
بە لەبەرچاوگرتنی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێو ماڵی کورد، ئەو ژینگەیە بۆ سیاسییەکانی بەغدا کە لە شوێنێکی ترەوە ئاراستە دەکرێن، زۆر ئامادەیە.
حکوومەتی عێراق ئەوەندەی فۆکسی لەسەر وەستاندنی گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستانە ئەوەندە چاوی لەسەر ئەوە نییە ئەو هەمووە داهاتەی لەبەردەستیدایە چۆن بۆ پێشکەوتنی عێراق بەکاری بێنێت، زۆربەی داهاتەکانی عێراق دەدزرێن و حکوومەتی عێراق لە ناوچەکانی خۆیشی زیاتر لە ساڵێکە جگە لە دابەشکردنی مووچە هیچ بڕە پارەیەکی پەرەپێدانی پارێزگاکانی خەرج نەکردووە.
عێراق دۆخی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە قۆناغێک تەنانەت مووچەکەشی پێ بە ڕەوان نازانێت، چونکە دەزانێت دابەشکردنی مووچەش دەتوانێت کاریگەریی لەسەر گەشەی بازاڕ هەبێت. عێراق بەدەر لە پرسی دارایی و بانکی، دادگای فیدراڵی تایبەت کردووە بە لێدان دامەزراوەکانی کوردستان و لە ڕابردوودا ئەوە بینرا چی لە کۆمسیۆن و پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرا و بە بڕیارەکانی چارەنووسی هەڵبژاردنیشی لێڵ کردووە.
هەموو ویستی بەغدا لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کە زۆر زیرەکانە پەرەی بەو سیاسەتەی داوە بەڵام کاتی ئەوە هاتووە یەکێک بیوەستێنێت.

ھەواڵی زیاتر