شنگالییەکان داوا دەکەن میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان لە شارەکە نەمێنن

بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق دەبێت تا ٣٠ی مانگی شەش ھەموو کەمپەکان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئاوارەکانی شنگال کە نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن، دەڵێن، تا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت و ھێزە نافەرمییەکان شارەکە چۆڵ نەکەن ناگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان.

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شنگال کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی و چەکدارانی پەکەکە، ڕۆژانە خەڵک لەو شارە ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێز و لایەنەکاندا ڕوو دەدات و لە ترسی زۆری ھێزەکان خەڵکی شارەکە وەکو پێویست ناگەڕێنەوە.
حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شارەکە لە داعش ڕزگار کرا، دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند ھێزێکی دەرەکی و حەشدی شەعبی ناوچەکەیان داگیر کرد، نەبوونی سەقامگیری و ئاوەدانی لە شارەکە ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارە.
خەڵکی شنگال، داوا دەکەن ناوچەکەیان ئاوەدان بکرێتەوە و ھەموو ئەو ھێزانەی لە شنگالن نەمێنن، تەنیا ھێزێک بمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئەوان، ئەو ھێزەش سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت، ئاوارەکان گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکەن و دەڵێن: بەغدا لە بەرامبەر ئێمە و ئەو کارەساتەی بەسەر شنگالدا ھاتووە کەمتەرخەم بووە، بۆ ئەو مەبەستە ئاوارەکانی شنگال خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و بەیاننامەیەکیان دەرکرد و تێیدا ھاتووە، نزیکەی دە ساڵە لەناو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ئاوارەین، لەژێر بارودۆخێکی زۆر سەختداین و ئەگەر پاڵپشتی و پشتیوانیی حکوومەتی ھەرێم نەبوایە، ئێمە لە بارودۆخێکی سەختتردا دەبووین، بەداخەوە ئێمە وەکو ھاووڵاتییانی عێراق ھیچ پشتیوانییەک یان ھاوکارییەکمان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لەبەرامبەردا وەرنەگرتووە، ھەر چەندە وەکو ئەرکێکی دەستووری و ئەخلاقی بەسەر حکوومەتی عێراقدا سەپێنرا بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی لە ھەموو ڕوویەکەوە پاڵپشتیمان بکات و باری قورسی ژیان لەسەر شانمان کەم بکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بەداخەوە ئەوەی دەبینین لە عێراق پێچەوانەکەیە، بەو پێیەی بڕیار و فشارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەبینین، بەتایبەتیش ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئاوارەکان و بە بڕە پارەیەکی بێ بایەخ ڕازیمان بکات بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانمان، بەبێ ھیچ ژێرخانێک و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، لایەنی ئەمنی و خزمەتگوزاریی.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، ئێمە نزیکەی دە ساڵە لێرەین، بە ئارەزووی خۆمان ئەم ژیانە سەختەمان ھەڵنەبژاردووە، بەڵکو بارودۆخ ناچاری کردووین، ھەر بۆیە مەرجی گەڕانەوەمان بۆ ماڵ و ناوچەکانمان ھەیە کە پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات، قەرەبوومان بکاتەوە لە بەرامبەر ئەو زیانە زۆرانەی کە لە کاتی ھێرشی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شارەکە بەرمان کەوتووە، لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گوندەکانی سنوورەکە کە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ناوچەکە، دوورخستنەوەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بەھۆی خراپ مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسییەی ئاوارەکانی شنگال، ھەروەھا داواکارین ئەوەی بەسەر گەلەکەماندا ھات لە شنگال، بە دیکۆمێنت بکرێت و وەک جینۆساید پشتڕاست بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی داوا دەکەین میلیشیاکان و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال نەمێنن. سەلاح خدر، سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکە، دەڵێت: بە ھیچ شێوەیەک ناگەڕێینەوە شنگال کە تێیدا پەکەکە و حەشدی شەعبی بڕیاردەربن، پێش گەڕانەوەمان دەبێت ھێزە نافەرمییەکان شارەکە چۆڵ بکەن.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، ڕایگەیاند: چەکدارانی پەکەکە و لقەکانی سەر بەو ڕێکخراوە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی دۆخی ئەمنی سنوورەکەن، بە دەیان گروپی چەکدار لە شنگال ھەن، کە کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵا دەستە، ھەر یەکەو ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان بە سەربازگە کردووە.
قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، دەشڵێ: چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە ڕێگە نەدات بە بوونی گرووپی چەکداری نادەستووری و ناشەرعی، کەچی حکوومەتی عێراق جگە لە بەڵێن، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لەم بوارە نەناوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار نییە بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێم بەردەوام ھاوکاری خەڵکی شنگالی کردووە، ئەوەی پێویست بووە کردووە، خەڵکی شارەکەی لە باوەش گرتووە، ھێزی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی شارەکەیان لە داعش پاک کردەوە.
زیاتر دەڵێ: ھەرێمی کوردستان بەردەوام داوای جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکات، بەڵام حکوومەتی عێراق نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و دەیەوێت ڕەوشی شنگال ھەروا بە خراپی بمێنێتەوە، کە تا ئێستە ھیچ بڕگە و خاڵێکی ڕێککەوتنەکە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەوەش ڕەوشەکە خراپتر بووە.
سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەکان لە کەمپەکان، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ڕایگەیاند: ڕەوشی ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکان وەکو پێویست نییە، ئەوەی ھاوکاری ئاوارەکان دەکات تەنیا حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، ئەگەرنا حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکان پشتییان لە ئاوارەکان کردووە و ھاوکاری ناکەن.

ھەواڵی زیاتر