وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانبەشداری سیمیناری جیهانیی (رافائیل لیمیکن)ی کرد لە وڵاتی پۆلۆنیا

شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا بەشداری کرد لە سیمیناری جیهانیی (رافائیل لیمیکن) کە لەلایەن پەیمانگای ئاوشڤیتزی ئەمریکی ڕێکخرا بوو.

سیمیناری جیهانیی رافائیل لیمیکن کە هەفتەیەکی خایاند و چەندین شارەزای بواری جینۆساید و دەیان کارمەندی دامودەزگا حکوومی و ڕێکخراوە جیهانییەکان تیایدا بەشدار بوون مەبەست لێی پێگەیاندنی شارەزایانی بواری جینۆساید و زانیارییە لەسەر ڕێگریکردن لە ڕوودانی تاوانی لەو جۆرە.
سیمینارەکە کە بەناوی پارێزەری کۆچکردووی پۆڵەندی رافائیل لیمیکنەوە ناونراوە، خۆی داهێنەری یاسای جینۆساید بووە و دواتریش لەسەر داوای ئەو لە ساڵی ١٩٥١ لە نەتەوەیەکگرتووەکان پەسندکراوە.
لە سیمینارەکەدا بابەتێکی تایبەت تەرخان کرابوو بە جینۆسایدی کورد و لەلایەن ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەرەوە پێشکەش کرا. جگە لەوەش وتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن زیاد رەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە و باس لە بەرنامە و دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی کرا.
لە میانەی سیمینارەکەدا و بە درێژایی هەفتەی کارنامەکە، چەندین جار شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بابەتی جینۆسایدی گەلی کوردیان خستە ڕوو و تیشکیان دەخستە سەر ئەو تاوانانەی عێراق لەسەردەمی ڕژێمی بەعس دژ بە گەلی کوردی ئەنجام داون.
سەرەڕای ئەوەش شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر بەجیا لەگەڵ بەشداربووان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و تیایدا باس لە بەرنامەی حکوومەت و وەزارەت کرا تایبەت بە پرسی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد و پشتیوانی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بە گرنگ وەسف کرا و لەم بارەیەوە و زۆرینەی بەشداربووان ئامادەیی خۆیان بۆ پاڵپشتی ئەم پرسە دەربڕی.
شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکهاتبوو لە هەر یەک لە کامەران عەبدوڵڵا ڕاوێژکاری وەزارەت، سیروان عزیز بەڕێوەبەری گشتی، کەریم کاوە کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران و ڕێبەند عبدالرحمن ئەندازیاری پێشکەوتوو و هاوڕێ لەگەڵ ئاورینگ شاوێس بەرپرسی ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر.

ھەواڵی زیاتر