هەندێك شار هەن لە توركیا، بەر لەوەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت، روونە چی پارتێك براوەی هەڵبژاردنە، بۆ نموونە لە قۆنیا ئاكەپە زۆرینەیە، لە ئیزمیر جەهەپە و لە ئامەدیش دەم پارتی، بەڵام ئەمجارەیان ئامەدییەكان بەدڵێكی شكاوەوە دەچنە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان.
لە هەڵبژاردنی 2019، هەدەپە، كە ئێستا لەژێر ناوی دەم پارتی هاتووەتە ناو هەڵبژاردن، توانی شارەوانیی ئامەد بباتەوە و سەلجووق مزراك بووە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام هەرزوو دەسەڵات شارەوانییەكەی قەیووم كرد و كەسێكی تری لە شوێنی دانا.
ئامەدییەكان كە یەك ملیۆن و 200 هەزار دەنگدەر دەبن، دەڵێن ئێمە دڵمان شكاوە، چونكە پێشتر ئیرادەی ئێمە شكێنراوە و دەنگمان بە كەسێك داوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی شارەوانیی، كەچی كەسێكی تریان لە شوێنی داناوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئامەدییەكان ترسیان هەیە، دیسان ئیرادەیان بشكێت و كەسێكی تر لە شوێنی ئەو سەرۆك شارەوانییە دابنرێت كە هەڵیدەبژێرن.
دەم پارتی، بۆ ئەم هەڵبژاردنە كە 31ی3ی2024 ئەنجام دەدرێت، ئایشە سێرا بوجاكی بۆ ئامەد بەربژێر كردووە، كە نەوەی فایەق بوجاك، یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیایە و لە 1966 تیرۆر كرا.
بۆجاك، زانكۆی لە ئەڵمانیا تەواو كردووە و لە 2006ەوە لە شارەوانیی ئامەد كار دەكات و شارەزایی زۆری لە كاروباری ئیداریدا هەیە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، هەدەپە توانی 62.93%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەربژێری ئاكەپەش توانی 30.99%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ئەگەرچی ئاكەپە بە قورساییەكی زۆرەوە هاتووەتە ئامەد و بڕیارە لە 27ی ئەم مانگەش، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بێتە ئامەد و پشتگیری لە بەربژێرەكەیان بكات كە خالیس بیلدەنە، بەڵام بردنەوەی دەم پارتی یەكلایی بووەتەوە.
لە هەر چوار دەنگدەری كورد یەكیان ناچێتە دەنگدان
بەگوێرەی ئەو لێكۆڵینەوەیەی رێحا روحاڤیئۆغڵو، لێكۆڵەر لە باكووری كوردستان ئەنجامی داوە، دەنگدەری كورد لەناو رەشبینییەكی زۆردان، چونكە پێشتر دەیان شارەوانییان قویووم كراوە، هەروەها لە هەر سێ دەنگدەرێك یەكێكیان زۆر بە تینەوە دەچنە سەر سندوقی دەنگدان، لە هەمان كاتدا، لە هەر سێ دنگدەر، یەكێكیان هیچ بڕوا و پەیوەستبوونێكیان بە دەنگدانەوە نییە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رێحا، لە هەر چوار دەنگدەرێكیش لە باكووری كوردستان، یەكێكیان ناچێتە سەر سندوقی دەنگدان.
هەڵبژاردن لە ئامەد جۆش و خرۆشی نییە
بۆ ئەوەی بزانیت دەنگدەری كورد لە باكووری كوردستان، چۆن دەڕوانێتە هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانیی و چاوەڕوانی دەنگدەر چییە، پێویست دەكات لە خویان بپرسین.
ناوچەی سوور لە ئامەد، لە دوای شەڕی خەندەق لە 2015، بەشێكی زۆری رووخا، ئەو ناوچەیە مێژوویەكی ئەوەندە كۆنی هەیە، ناوی چووەتە ناو یونیسكۆ، بەڵام كاتێك حكوومەت ناوچەكەی بونیاد نایەوە، بەهۆی تێكچوونی سیما مێژووییەكەی هاووڵاتیان نیگەران بوون.
ئاژانسی (DW) بڵاوی كردووەتەوە، خەمی هاووڵاتی لە ناوچەی سوور، ئەو قەیرانە داراییەیە كە دووچاریان بووە، زۆریش پەیوەست نین بە هەڵبژاردن و گرنگی زۆری پێنادەن، بۆیە پروپاگندەی هەڵبژاردن زۆر سست و بێ جۆش و خرۆشییە.
وەهاب جۆشكوون، مامۆستای زانكۆی دیجلە لە ئامەد، پێیوایە بەبەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووتر، جۆش و خرۆشی خەڵك كەمترە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەنگدەری كورد و ئامەد، ترسیان هەیە، دووبارە شارەوانییەكەیان لەلایەن حكوومەتەوە قەیووم بكرێت، بۆیە لەوڕووە زۆر نیگەرانن و هەیجانیان نییە.
لە 2016، هەدەپە توانی شارەوانیی ئامەد بباتەوە و گولتەن كشاناك بووە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام قەیوومیان كرد. هەروەها لە هەڵبژاردنی 2019، هەدەپە توانی سەرۆكی شارەوانیی ئامەد بباتەوە، بەڵام دیسان قەیووم كرا، جیا لە ئامەد، سێ گەورە شارەوانیی تری سەر بە هەدەپە و 49 سەرۆك شارەوانیی قەزا و ناحییەكانی سەر بە هەدەپە قەیوم كرا، ئەم هەنگاوەی حكوومەت، ترسی لای دەنگدەر دروست كردووە و دەڵێن، ئێمە هەر دەنگ بدەین، كەچی ئیرادەمان بشكێت و كەسێكی تر لە شوێنی كەسی هەڵبژێردراو دابنرێت، كەواتە نەچوونە سەر سندوقی دەنگدان باشترە.
پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، دەم پارتی دەتوانێت سەرۆكی شارەوانیی ئامەد بباتەوە، بەڵام دەنگدەر ترسی هەیە، بۆ جاری سێیەم، سەرۆكی شارەوانیی قەیووم بكرێتەوە.
بەڵام ئومێدێك لای باكوورییەكان دروست بووە، رێككەوتنێكی نهێنی لە نێوان ئاكەپە و دەم پارتی بوونی هەیە، بەوەی دەم پارتی لە ئیستانبۆل بەربژێری هەبێت، لە بەرامبەردا ئەوانیش هیچ شارەوانییەكی دەم پارتی لە باكووری كوردستان قەیوم ناكەن.
ئاكەپە، دەیەوێت بە هەر شێوەیەك بێت شارەوانیی ئیستانبۆل بباتەوە، بۆ ئەمەشیان پێویست دەكات دەم پارتی بەربژێری هەبێت، تا دەنگدەری كورد لە ئیستانبۆڵ، دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو نەدەن، بەمەش بەربژێری ئاكەپە شانسی بردنەوەی زیاتر دەبێت.
رێحا، پێیوایە ئەگەر ئەمجارەیان شارەوانیی ئامەد قەیوم نەكرێت، دەبێتە سوپڕایزێكی گەورە بۆ سیاسییەكان و ئامەدییەكان، بۆیە تاكە رێگە بۆ پارێزگاریكردن لە شارەوانییەكانی باكوور، رێككەوتنە لەگەڵ ئاكەپە، جا رێككەوتنەكە نهێنی بێت یان ئاشكرا.