وەزارەتی دارایی بەشێکی پارەی مووچەی مانگی دووی وەرگرت

بەڕێوەبەری جولەی دراو لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 599 ملیار دینارمان لە بانکی ناوەندی لقی هەولێر وەرگرتووە و خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکوومی.

نادر مەجید نادر، بەڕێوەبەری جولەی دراو لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 599 ملیار دینارمان لە بانکی ناوەندی لقی هەولێر وەرگرتووە و خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکوومی بەمەبەستی ئامادەکردنی مووچەی مانگی دوو.

گوتیشی: ئێمە داوامان لە عێراق کردووە 944 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان ڕەوانە نەکردووە، کە ئەویش نزیکەی 350 ملیار دینارە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە 5-3، لیستەکەمان ڕەوانەی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بنێرن تاوەکو مووچە بەتەواوی دابەش بکەین.

نادر باسی لەوەشکرد، سەرۆکی حکوومەت داوای کرد لیستی مانگی سێ ئامادەبکەین، ئێمەش دوو ڕۆژە خەریکی ئامادەکردنی ئەو پڕۆسەیەین و نزیکەی 98% کارەکانی لیستی مووچەی مانگی سێ تەواو بووە.

دەشڵێت: لیستی مووچەی مانگی سێ پلە بەرزکردنەوەی لەگەڵ نییە، لەبەر ئەوەی داوامان کردووە لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومی بۆمان ڕەوانە بکەن تاوەکو بزانین ڕێژەکە و بڕی پارەکە چەندە، بۆ ئەوەی داوا لە عێراق بکەین ئەو بڕە پارەشمان بۆ بنێرن.