مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی هەوڵەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێكردووە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرای كرد كە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێکردووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند: ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم ڕێککكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە و بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە.

راشیگەیاند: پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بوودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخان كراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی ڕاستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت.

ئاماژەی بەوەش دا: حکوومەتی هەرێم لە سۆنگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەروەها رایگەیاند: نەوتی هەرێم تەنها لە (10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراقی پێک دەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو، هەر لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە كە بەهۆیەوە پێدانی مووچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن دەدرا.

لە كۆتاییدا رایگەیاند: بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم