جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: هەژماری من” لە “تەوتین”ەكەی عێراق سوودی زۆر زیاترە و چارەسەری كێشەی مووچە دەكات

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسینێكیدا كە لە هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووك بڵاوی كردووەتەوە، باس لە گرنگییەكانی پڕۆژەی “هەژماری من” دەكات .

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: (هەژماری من) یەكێكە لە پرۆژە هەرەگرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەیەوە پلان دانراوە كە تا كۆتایی ئەمساڵ، ملیۆنان مووچەخۆر لە هەرێمی كوردستان ببن بە خاوەنی هەژماری بانكی. ئەم پرۆژەیە هەر كردنەوەی هەژمارێكی بانكی نییە بۆ ئەوەی مووچەخۆران لە ڕێگەیەوە مووچەكانیان وەربگرن، بەڵكوو دروستكردنی ژێرخانێكی گرنگی داراییە لە هەرێمی كوردستان، بەوەی پرۆسەی مامەڵە بازرگانییەكان لە ڕێگەی پارەی كاشەوە دەگۆڕێت بۆ ئاڵوگۆڕی بانكی و ئەلیكترۆنی و بەم جۆرەش خەڵكی دەتوانن لە زۆر رووەوە سوودمەند بن.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی  ده‌شڵێت، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانمان بۆ پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ ئه‌م باشییانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه‌:

– ⁠تێچووی كردنەوەی هەژمار تەنیا 2500 دینارە، لە كاتێكدا كردنەوەی هەژمار لە تەوتینە عێراقییەكە 10 هەزار دینارە.
– ⁠ژمارەیەكی زۆر لە بانكەكانی هەرێمی كوردستان پشتی پێ دەبەستن و بانكەكانیش لە لایەن بانكی ناوەندیی عێراق و گەنجینەی ئەمریكا متمانەیان پێدراوە، لە كاتێكدا تەوتینەكەی عێراق تەنیا دوو بانكی رەشید و رافیدەین دەگرێتەوە (هەڵبەت ئەم دوو بانكەش كونیەیان زۆر پاك نییە و پێشتر بیستوومانە كە لە پرۆژەی دزیی سەدە بەشدار بوون و بڕی 2.5 ملیار دۆلار لە ڕێگەی ئەوان و چەند بانكێكی ترەوە رەوانەی دەرەوەی عێراق كراون!)
– ⁠دەیان جۆر خزمەتگوزاریی بانكی لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە بە مووچەخۆران دەگات، وەك راكێشانی قەرز و پارەدانی ئەلیكترۆنی و خزمەتگوزاریی دیكە، هەروەها مووچەخۆر دەبێتە خاوەنی كریدت كارت و دەتوانێت لە هەر شوێنێكی دونیا بێت، كارتەكەی بەكار بهێنێت و پارەی خۆی رابكێشێت، بەڵام تەوتینەكەی عێراق تەنیا بۆ وەرگرتنی مووچە بەكار دێت و هیچ سوودێكی تری نییە.
– ⁠بانكەكانی نێو (هەژماری من) پرۆژەی ئەوتۆیان هەیە كە دەتوانن قەرزێكی بە مووچەخۆران بدەن كە دەگاتە سەرووی 150 ملیۆن دینار، لە كاتێكدا هیچ ئەگەرێك نیە كە بانكە عێراقییەكان ئەو قەرزە بە مووچەخۆرانی كوردستان بدەن.
-⁠ ⁠لە پرۆژەی هەژماری من، هەزاران ئامێری (ئەی تی ئێم) بۆ وەرگرتنی مووچە و دەیان هەزار ئامێری تایبەت بە خوێندنەوەی كرێدت كارت بەسەر ماركێت و سووپەرماركێت و فرۆشگا و دوكانەكاندا دابەش دەكرێت تاوەكوو مووچەخۆر ئەگەر بە كاش پارەی رانەكێشا، بە كارتەكەی خۆی بازاڕییەكانی خۆی بكات! بەڵام بانكەكانی عێراق لە چەند شوێنێكی دیاریكراو پارەی نێو تەوتینەكە خەرج دەكەن و بەمەش مووچەخۆر دەبێت چەندان كاتژمێر بۆ وەرگرتنی مووچەكەی لە سەرەدا بێت.
– ⁠هەژماری من پرۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژیی كوردستانە و بەهۆیەوە ئابووریی كوردستان پێش دەكەوێت، لە كاتێكدا پرۆژەی (تەوتین)ەكە بەشێكە لە هەوڵەكانی زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەی و قەوارەكەی.
لەبەر هەموو ئەو هۆكارانە، جەخت دەكەینەوە كە پرۆژەی (هەژماری من) زیاتر بۆ مووچەخۆرانی كوردستان بەسوودە و كێشەی مووچە چارەسەر دەكات. بەداخەوە ئەوانەشی دژایەتی دەكەن، هەر ئەو حزبانەن كە لە 2014 پێشنیازیان بۆ بەغدا كردبوو مووچە و بودجەی كوردستان ببڕێت، چونكە ئەوان مانەوەی خۆیان لە خراپیی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەبیننەوە، هەر ئەوانیشن كە ئێستا هۆكارن لەبەردەم چارەسەربوونی كێشەی مووچەخۆرانی كوردستان.