کارتی ”هەژماری من” زۆر سەردەمیانەیە و لەگەڵ کارتەکەی عێراق بەراورد ناکرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کارتی بانکیی ”هەژماری من” کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت نزیکەی ساڵێکە دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە لەگەڵ کارتەکەی عێراق کە بە تەوتین ناسراوە جیاوازییەکی زۆری هەیە، ئەوەی کوردستان بە سەردەمیانەترین سیستمی بانکی دەخرێتە خزمەتی خەڵک کە دەتوانن جگە لە وەرگرتنی مووچە لە ناوخۆ، لە دەرەوەی وڵاتیش بەکاری بهێنن و تەنانەت سەد و پەنجا ملیۆن دینار قەرزی لە بانکە تایبەتییەکان پێ وەربگرن و لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکە سوودمەند بن، بەڵام ئەوەی عێراق تەنیا بۆ ئەوەیە مووچەکە لە بانکێک بە کاش وەربگیریت و هیچ سوودێکی تری نییە.

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پرسی دارایی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەوە بووە هێشتا کڕین و فرۆشتن و زۆربەی چالاکییە داراییەکان بە پارەی کاش دەکرێت، لە کاتێکدا دنیا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە و ئەم ڕۆڵە بە بانکەکان و هەژماری بانکی سپێردراوە کە بە فاکتەرێکی گرنگی گەشەی ئابووری هەر وڵاتێک هەژمار دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ساڵێکە حکوومەت قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵیوە تا هەرێمی کوردستان لە ڕووی داراییەوە بە سیستمی دارایی دنیاوە گرێ بدات و تاکی کورد هاوشێوەی خەڵکی وڵاتانی تر ببنە خاوەنی هەژماری بانکیی خۆیان و بۆ مەبەستی وەرگرتنی مووچە و بواری تری جیاواز بەکاری بهێنن و سەرمایەکانیان بپارێزن.
لە ٢٨ی شوباتی ساڵی ڕابردوو سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە پەیامێکدا ده‌ستپێكردنی دەستپێشخەریی ”هەژماری من”ی ڕاگه‌یاند کە وەک ئەو کات باسی کرد بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان. لە پێنجی ئاداری هەمان ساڵ دەستپێشخەرییەکە بە فەرمی جێبەجێ کرا. پارەدان بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلایینەکان بە بەکارهێنانی کارتی بانکی، توانای حەواڵە لەنێوان هەژمارە جیاوازەکان لە ڕێی کارتی مۆبایل/ ئینتەرنێت، وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکەیت و وەرگرتنی مووچە لە ڕێی هەمان هەژمار و چەندین خزمەتگوزاری تر بۆ پڕۆژەکە خراونەتە ڕوو.
دووسەد و پەنجا هەزار هەژمار
بەپێی دواین ئامار سەرووی دووسەد و پەنجا هەزار هەژماری بانکی لە کوردستان کراونەتەوە. بەگوتەی مه‌روان ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی “هه‌ژماری من”، لە هەولێر دووسەد و سێزدە هەزار هەژماری بانکی لە سلێمانی نۆزدە هەزار و لە دهۆکیش هەژدە هەزار هەژمار کراونەتەوە و سەرووی سەد و چل هەزار کارتی بانکی ڕادەستی خەڵک کراوە و ئه‌و پێنج بانكه‌ی كه‌ لە پڕۆسەکە بەشدارن لە بانکی ناوەندیی عێراق تۆمار کراون و لە توانایاندایە ڕۆژانە دە هەزار کارت چاپ بکەن و ژمارەی ئامێرەکانی ”ئەی تی ئێم”یش بەردەوام زیاد دەکرێن.
جێی باسە بەپێی ئەو تایبەتمەندییانەی کارتی ”هەژماری من” هەیەتی بە سیستەمێكی پێشکەوتووی دیجیتالی كاردەكات و هەموو خزمەتگوزارییەكی سەردەمیانەی تێدایە و مووچەخۆر دەتوانێت هەموو خەرجییەكی بازاڕ و باج و ڕسووماتەكانی حكوومەتی پێ بدات. لەو سیستمەدا سەروەت و سامانی مووچەخۆر و هاووڵاتیان پارێزراوە و جگە لە خاوەنی کارتەکە کەس ناتوانێت بەکاری بێنێت. بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرێك لە كوردستاندا بە ڕێگای ”هەژماری من” مووچەکەی وەربگرێت.
سەد و پەنجا ملیۆن دینار قەرز
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو هەژمارە بانکییە ئەوەیە کاتێک هاووڵاتی دەبێتە خاوەنی کارتەکە بەپێی ڕێنماییەکان تا سەد و پەنجا ملیۆن دینار دەتوانێت قەرز وەربگرێت لەو بانکەی هەژمارە بانکییەکەی لێ کردووتەوە. هەر بەم کارتە و بە پشتبەست بە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، خاوەن هەژماری بانکی دەتوانێت پارەی کاش ڕاکێشێت.
سی و شەش هەزار ئامێری خوێندنەوەی كارت لە ماركێت و دوكان و شوێنە بازرگانییەکانی كوردستان دادەنرێت، وردە وردە پارەی كاش كەم دەكرێتەوە دەبێ بەكارتی هەژماری من پرۆسەی كڕین و فرۆشتن بكرێت و هەمووی ئەوانەش سوودیان بۆ ئابووری کوردستان هەیە.
دژایەتیی بەغدا
بەهۆی ئەوەی کە کارتی ”هەژماری من” پێشکەوتووە و تەنیا تایبەت نییە بە وەرگرتنی مووچە و دەیان خزمەتگوزاری تر لەخۆ دەگرێت، حکوومەتی عێراق تا ئەم ساتە ڕازی نەبووە بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێی ئەم کارتەوە دابەش بکرێت و داواکراوە بە کارتی حکوومەتی عێراق کە بە سیستمی تەوتین ناسراوە لە کوردستان هەژماری بانکی بۆ خەڵک بکرێتەوە.
ئەوەی عێراق تەنیا كارتێكە و سیمكارتێكی تێدایە و لە بانكەكان مووچەی پێ وەردەگرن واتا موچەكە بەكاش وەردەگرن. هیچ خزمەتگووزارییەكی دیجیتاڵیی تری تێدا نییە و یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی حکوومەتی عێراق مەبەستێکی سیاسییە و دەخوازێت دژی هەر دیاردەیەک بوەستێتەوە کە بە ببێتە هۆی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان.
کارتی تەوتین
کارتی تەوتین بە دە هەزار دینار دەدرێت، لە کاتێکدا ”هەژماری من” بە دوو هەزار و پێنجسەد دینار دەردەهێنرێت. لە تەوتین هەرە دوو خراپترین بانكی عێراقی ڕافیدین و ڕەشید بەشدارن و قۆرغ كراوە و ڕێگە بە بانكی دیكە نادەن بەشدار بێت، ئەم دوو بانکەیش لە لیستی گومانلێكراوی ئەمریكا و بانكی نێودەوڵەتین، هەرچی گەندەڵی و دزینی میلیاران دۆلار کە بە دزیی سەدە ناسراوە لەم بانکانە ڕوویانداوە.
هه‌ڵگری كارتەکەی عێراق جگه‌ له‌ مووچه‌ ناتوانێت دینارێك زیاتر له‌ بانك وه‌ربگرێت، مووچه‌كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆریش بمێنێته‌وه‌ زیاد ناكات چونكه‌ كارته‌كه‌ ته‌نیا بۆ مووچەیە. كارته‌كه‌ خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌وتووی نییه‌، هه‌ڵگری ئه‌و كارته‌ ناتوانێت له‌ بازاڕ به‌كاری بێنێ و كیلۆیه‌ك گۆشت و كیلۆیه‌ك ته‌ماته‌ی پێ بكرێت.
بە گشتی کارتەکەی کوردستان لەگەڵ کارتەکەی بەغدا بەراورد ناکرێت و سیستمێکە کە دەتوانێت خزمەتی ئابووری هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران بکات و بیانووەکانی بەغدا نالۆجیکی بوون و بۆیەش چاوەڕوان دەکرێ دواجار بەغدا بە سیستمەکەی هەرێمی کوردستان ڕازی ببێت.